یلماز: گفتوگۆ دەربارەی سزای سێدارە هەوڵدانە بۆ تەزاندنی کۆمەڵگا

پارێزەر ئەرجان یلماز وتی "حکومەت پاش کوشتنی منداڵان، بۆئەوەی پێش لە لێپرسینەوەی کۆمەڵگا بگرێت، پرسی سزای سێدارەی خستە ڕۆژەڤەوە". یلماز دەستنیشانی کرد، گفتوگۆکان دەربارەی سزای سێدارە، گفتوگۆی پوچن.

ڕووداوەکانی دەستدرێژیکردن و کوشتنی منداڵان کە لەم ڕۆژانەی دواییدا لە تورکیا زیادیان کردووە، ڕێگەی لەبەردەم ناڕەزایەتیی زۆری کۆمەڵگادا کردەوە. حکومەتی ئاکەپە، خۆی ڕێگەی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان خۆشکردووە، ئێستاش هەوڵ دەدات سوود لەوە وەربگرێت.

بەڕێوەبەری ئیهادە لە ئامەد پارێزەر ئەرجان یلماز، دەربارەی ئەو پرسە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە، زیاتر لە ١٠٠ هەزار ئاگادارکردنەوە بۆ منداڵانی ونبوو، لە ناوەندەکانی داد دا تۆمارکراون.

یلماز ڕوونیشیکردەوە کە نازانرێت لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، چەند منداڵ لەو ١٠٠ هەزار منداڵە ونبوانە دۆزراونەتەوە و وتیشی "بەتایبەتی کچێک بەناوی ئەیلول، پێش کوشتنی دەستدرێژیی کرابوویە سەر. هەروەها کچێکی تر لە ئاگری بەناوی لەیلا ڕفێندرابوو. پاش ٨ بۆ ٩ ڕۆژ لە ونبوونی، بە کوژراویی دۆزرایەوە. ئەوانە بوون بەهۆی ئەوەی ونبوون و کوشتنی منداڵان بکەوێتە ڕۆژەڤەوە. ئەوەش لەناو کۆمەڵگادا، ڕێگەی لەبەردەم تووڕەیی گەورەدا کردەوە".

 'گفتوگۆکان دەربارەی سزای سێدارە بۆ پێشگرتنە لە تووڕەیی کۆمەڵگا'

پارێزەر یلماز جەختیشی لەوە کردەوە، لە تورکیا پاش ئەوەی زۆر ڕووداوی قورس ڕوویان دا، هەندێک کێشەی تر هەڵدەسەنگێندرێن و وتیشی "بۆ نموونە، کاتێک لە پۆزانتی دەستدرێژیی کرایە سەر منداڵان، پرسی ئەو زیندانانەش کەوتە ڕۆژەڤەوە کە منداڵانی تێدا زیندانیی دەکرێت. یان ئەوەی پاسوور، کاتێک کە ئاگر لە خوێندنگایەکی حکومی کەوتەوە و منداڵان تێیدا گیانیان لەدەستدا، پرسی گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەلامەتیی و مەرجەکانی سەلامەتیی لە خوێندنگا و شوێنى مانەوەی خوێندکاران، کەوتە ڕۆژەڤەوە".

وتیشی "لە تورکیا، مۆدێلێکی وەها هەیە، پاش ئەوەی پێشێلکاریی دروست دەبێت، ئینجا پرسی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست دەکەوێتە ڕۆژەڤەوە. پێش ئەوەی ڕووداوەکان ڕوو بدەن، ڕێوشوێنی پیویست ناگرنە بەر. پرسی منداڵانی ونبووش بەم شێوەیە. لە بری ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی پێش بگیرێت لە ونبوون، کوشتن و دەستدرێژیی سەر منداڵان، بە گفتوگۆکردن لەسەر چەسپاندنی سزای سێدارە لە تورکیا، هەوڵ دەدەن ڕێگە لە تووڕەیی کۆمەڵگا بگرن و تووڕەیی و ناڕەزایەتیی گەل لەناو بەرن. بێگومان ئێمە چاوەڕێ دەکەین ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی ژیان و مافەکانی منداڵان".

"لەسێدارەدان چارەسەر نییە"

پارێزەر یلماز رایگەیاند، ئەو کێشانە بە لەسێدارەدان چارەسەر ناکرێن و وتیشی "زۆر وڵات هەن کە سزای سێدارەیان تێدا ئەنجام دەدرێت. لە ئێران، عێراق و ٣٠ ویلایەتی ئەمەریکا، کە خۆیان وەک ناوەندی شارستانیی دەزانن، سزای سێدارە بەڕێوەدەچێت. سەرەڕای ئەوەیش، کە سزای سێدارە پەیڕەو دەکرێت، لەو وڵاتانە ڕێژەی تاوان کەمیان نەکردووە. بە پێچەوانەوە، ڕێژەی تاوان لەو وڵاتانەدا زیادیان کردووە.".

ئەوەشى وت "لەبەرئەوەش پێویستە دەزگاکانی یاسادانان، پەرلەمان و حکومەت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بنەماڵەی منداڵان، کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخستنە پیشەییەکان و دەزگاکانی پەروەردە، دەبێت پێکەوە کار بکەن. هەروەها دەبێت لە لایەنە کۆمەڵایەتیەکەیەوە لێکۆڵێنەوە لەم کێشەیە بکرێت".

 'بۆئەوەی لە دەوڵەت نەپرسنەوە، پێش لە کۆمەڵگا دەگیرێت'

بەڕێوەبەری ئیهادە لە ئامەد پارێزەر ئەرجان یلماز، لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لەوە کرد، بارودۆخی منداڵانی ونبوو، لەگەڵ ئەو ئەرگۆمێنتانەی کە لە پرسی ئۆجالان و دەمیرتاشدا بەکاردەهێنرێن، لەیەکتر جیاوازن و وتیشی "بۆ ئەوەی تووڕەیی و نارەزایەتیی کۆمەڵگا لەناوبەرێت، هەروەها بۆئەوەی پێش لە تاکەکان بگرن کە دەیانەوێت لە حکومەت و دەوڵەت بپرسننەوە، هەنگاوی بەم شێوەیە دەنێن و پرسێکی تر دەخەنە ڕۆژەڤەوە".

پارێزەر ئەرجان ڕاشیگەیاند "وتەی 'ئەگەر بیخەنە بەر دەستی من، پەسەندی دەکەم'ی سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان، بۆ پێش گرتنە لە تووڕەیی کۆمەڵگا. سزای سێدارە چارەسەر نییە. ئێمە لە مێژووی دنیادا دەیبینین کە سزای سێدارە پیشی لە ئەنجامدانی تاوان نەگرتووە. گرنگە کە لایەنی کۆمەڵناسییانەی ئەوم بارودۆخە بە باشی هەڵبسەنگێنرێت. ئەوە شتێک نییە کە دەوڵەت بە تەنها بتوانێت چارەسەری بکات. بە تایبەتی بەڕێوەبەرانی هەرێمی، دەبێت بەشداری کاروبارەکان بن بۆ ئەوەی چارەسەر بۆ ئەو کیشانە بدۆزرێتەوە. بەو شێوەیەش سیاسەتێکی باش دێتە ئاراوە".

ر.م