کۆدار: جێژنی رەمەزان بکەین بە جێژنی تەبایی و ساڕیژی زامەکانی کۆمەڵگا

کۆمیتەی ئایین و باوەڕی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) بە بۆنەى جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند،  جێژنی رەمەزان بکەین بە جێژنی تەبایی و ساڕیژی زامەکانی کۆمەڵگا.

کۆمیتەی ئایین و باوەڕی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) بە بۆنەى جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرەتا جێژنی پیرۆزی رەمەزان لە هەموو مسولمانانی جیهان و بە تایبەت گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەی نیشتمان و لە رۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆز دەکەین.

دەقی پەیامەکەى کۆدار بۆ جەژنی رەمەزان

جێژنی رەمەزان بکەین بە جێژنی تەبایی و ساڕیژی زامەکانی کۆمەڵگا

سەرەتا جێژنی پیرۆزی رەمەزان لە هەموو مسولمانانی جیهان و بە تایبەت گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەی نیشتمان و لە رۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆز دەکەین.

سەرەتا جێژنی پیرۆزی رەمەزان لە هەموو مسولمانانی جیهان و بە تایبەت گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەی نیشتمان و لە رۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆز دەکەین و هیوادارین کە ئەم جێژنە ببێ بە، بەستێنی ئاشتەوایی و وەدی‌هاتنی هێمنی و ئارامی. بێ‌گومان رۆلی سەرەکی ئایین و دین لەناو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا زیندوو هێشتنەوە و پەرەپێدانی نرخ و پێوانەکانی کۆمەڵگایە کە وەک بەردی بنچینەی کۆمەڵایەتی‌بوون دەناسرێن. هەڵبەت ئەو بەهایانە، سامانی مەعنەوی هەر کۆمەڵگایەکن و هەبوونی ئەو کۆمەڵگایە لەسەر پێ رادەگرن، ئایینی ئیسلام هەر لە سەرەتای دەرکەوتنێوە بە جەخت کردن لەسەر ئەو پێوانانە و بەرزکردنەوە و گشتگیر‌کردنیان گەشەی سەندووە.

هەرچەند ئەمڕۆکە دەسەڵاتدارەکان هەوڵیانداوە کە دین بکەن بە ئامێری رەوایی‌پێدان بە هەبوون و سەرەڕۆییەکانیان و بوونەتە هۆکاری ناتەبایی و شەڕانگێزی لەناو بەشەکانی کۆمەڵگا، ناکرێ ئەو مەیدانه بۆ دەسەڵات چۆڵ‌‌بکرێت. تا بە ناوی ئایینەوە هەموو جۆرە گەندەڵی و قێزەونی خۆیان بشارنەوە. جێژن لە فەرهەنگی کۆمەڵایەتیماندا بەردەوام هێمای لێبوردوویی و تەبایی بووە. لەو دۆخە هەستیارەی ئێستای کوردستاندا کە بە هەموو جۆرێک هێرشمان لە سەرە بۆ تێکدانی تەبایی ناوماڵی کورد. لەسەر هەموو باوەڕمەندان و بە تایبەت مامۆستایانی ئایینی ئەرکە کە بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی رەمەزان لە سازدان و رێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد دا خاوەن هەڵوێست بن و پلانی داگیرکەران پووچەڵ بکەنەوە.

هەڵبەت جێژنی رەمەزان، جێژنی سەرکەوتنی مرۆڤی باوەڕمەندە بەسەر نەفسی خۆیدا و ئاوڕدانەوە لە کردار و ئاکارەکانی خۆیەتی لە تەک دەورووبەری. بەتایبەت لە هەلومەرجی ئێستادا کە ناکارامەیی سیاسەتەکانی دەوڵەت و حاکمییەت و هەبوونی پەتای کۆرۆنا بووەتە هۆکاری پەڕتەوازیی و هەژاری خەڵک پێویست دەکات کە جێژنی رەمەزان بکەینە دەرفەتێک بۆ کەمکردنەوە و ساڕێژکردنی ئەو ئێش و ئازارانەی کۆمەڵگا. لەسەر هەر باوەڕمەندێکە کە هاوکاری خوشک و برایانەی خۆی بە بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی ئایین و ئایینزایی پێشکەشی نیازمەندان بکات و بەو جۆرە بەیەکەوە لەسەر سفرەی جیژن دانیشن و سفرەی هیچ بنەماڵەیەک بەتاڵ نەمێنێ.

لە کۆتاییدا جارێکی‌تر جێژنی پیرۆزی رەمەزان لە هەموو باوەڕمەندانی ئایینی ئیسلام و هەموو گەلەکەمان و بەتایبەت بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان هەروەها کارمەندانی بەشی تەندروستی کە بێ‌وچان لە خزمەتی کۆمەڵگادان پیرۆز دەکەین.

ژ.ت