هاوسەرۆکانی کۆن-مەد: لەپێناو یەکێتیی نەتەوەیی لەژێر هەمان چەتردا کۆببینەوە

هاوسەرۆکانی کۆن-مەد روکەن ئاکچا و کەرەم گۆک پەیوەست بە بڕیار و ئامانجەکانی کۆنگرەکەیان هەڵسەنگاندیان کرد و گوتیان: "لە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەی لە کۆنگرەکەدا دراون، مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و یەکێتیی نەتەوەیی پێکدێنین."

کۆنگرەی کۆن-مەد

کۆنفدراسیۆنی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەڵمانیا (کۆن-مەد) ٢٢ـی حوزەیران لە بێرگیش گلادباخ چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بەست.

هاوسەرۆکانی کۆن-مەد ڕوکەن ئاکچا و کەرەم گۆک لەبارەی پڕۆسەی کۆنگرەکە، ئەو بڕیارانەی دراون و ئامانجەکانیان بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) قسەیانکرد.

کەرەم گۆک ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان کۆنگرەکە وەک پڕۆسەیەک دەبینن و گوتی، "ئێمە سێ چوار کۆبوونەوەی بەرفراوانمان ئەنجامدا. لەبری کۆمیتەی ئامادەکار کۆبوونەوەمان لەنێوان خۆمان ڕێکخست. لەگەڵ هاوسەرۆکانی فدراسیۆنەکان کۆدەبووینەوە. پرسە هەنووکەییەکانمان هەڵدەسەنگاند تاوەکو لە کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکاردا بخرێنە ڕوو. بەگوێرەی ئەو گفتوگۆیانەی کران دەرکەوت کە کۆنگرەکەمان هی ڕۆژ و دوو ڕۆژ نەبوو، کۆنگرەی ماوەیەک بوو. واتا کۆنگرەکەمان بۆ ساتێک نەبوو. کۆنگرەکە پڕۆسەیەک بوو."

ڕوکەن ئاکچا تیشکی خستە سەر لایەنی کۆمەڵایەتیی ئامادەکارییەکانی کۆنگرەکە و وتی، "کۆن مەد لە ئەڵمانیا هێزی هەرە کۆمەڵایەتی سیاسیی ڕێکخراوەیی کوردە. دەشێت بوترێت لە ئەڵمانیا کە دوو ملیۆن کوردی لێ دەژی، نوێنەری هەرە کاریگەر کۆن مەدە. هەر لەبەر ئەوە خاوەندارێتیی کۆمەڵایەتیی لە کۆنگرەکە، بۆ سەروەریی لەسەر ڕۆژەڤی کۆنگرەکە و بەشداریکردن تێیدا، کارێکی کۆمەڵاتیی بەڕێوەچوو."

کەرەم گۆک ڕایگەیاند کە لە کۆنگرەکەدا بەگشتی ٣٤ بڕیار دران و ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێوەیەکی سەرەکی ئاماژە بەوەدرا کە پێویستە کلتووری دیموکراسی بە پێشەنگایەتیی ڕێکخراوەکەی ئێمە بەرەو پێش ببرێت. ڕایگەیاند، لە ئەڵمانیا کورد لەڕووی سیاسییەوە زیاتر لە ٣٠ ساڵ ڕووبەڕووی نادادپەروەری دەبێتەوە و وتی، "هەر بۆیە لە دامەزراندنی کۆن مەددا ئێمە بەر لە هەر شتێک لایەنێکی یاساییمان دامەزراند. کە بەر لە هەر شتێک مافە یاساییەکانمان بە بەهێزی بپارێزین. لەلایەکی ترەوە لەنێو سیاسەتی ئەڵمانیادا ناکۆکی هەن. لەلایەکەوە بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەرێنی دەبینێت، سەبارەت بە هەنگاونان بەرەو چارەسەریی نامە بۆ تورکیا دەنێردرێت، لەلایەکی ترەوە هاوسەرۆکی پێشووی کەجەکە یوکسەل کۆچ، کە خۆی لەنێو سیاسەتی کورد لە ئەڵمانیادا ناسراوە، لە پڕۆسەی ئاشتیدا لە ئەڵمانیا دەگیرێت کە ئەمەش ناکۆکییە. داواکاریی ئێمە ڕاستکردنەوەی ئەم بارودۆخەیە. ئێمە داوا لە وەزارەتی کاروباری هونەریی ئەڵمانیا دەکەین دەست لە کریمیناڵیزەکردنی کورد هەڵگرن. ئەم نەژادپەرستیی ئەنتی-کوردە زیان بە دیموکراسیی ئەڵمانیاش دەگەیەنێت.

تایبەت بە بەڕێوەبردنی کاروباری دیپلۆماسیش هەندێک بڕیار دران. لەسەرەتادا دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا بەهێز بکەین، لەگەڵ پەرلەمان و دامەزراوەکانی تردا پەیوەندی دروستدەکەین.

لە کۆنگرەکەماندا تایبەت بە بەهێزکردنی کارە کلتووریی و هونەرییەکان، پێشخستنی زمانی دایک و پەروەردە بڕیار درا. هەروەها بۆ زیادکردنی کارە پەروەردەییەکان کاتی نوێ دیاریکرا.

ڕوکەن ئاکچایش ئاماژەی بەوە کرد، "بە پارادایمی مۆدێرنێتەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ هەوڵدەدەین کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو بونیات بنێن و وەکو کۆن مەد لە دوو ساڵی داهاتوودا بەپێشەنگی ژنان و دینامیکی گەنجان لەسەر بنەمای ئەنجوومەن و کۆمونەکان هەوڵدەدەن کورد لە ئەڵمانیا بەڕێکخستن بکەن. وەکو کۆن مەد بانگەواز بۆ هەموو پارتە سیاسییەکان، دامەزراوە و پلاتفۆڕمەکانی کورد لە ئەڵمانیا دەکەین کە لەپێناو یەکێتیی نەتەوەیی لەژێر یەک چەتردا کۆببنەوە. تێکۆشانی دیموکراتیک یەکبخەین و گەورەی بکەین."

هەروەها ڕووکەن ئاکچا بانگەوازی بۆ دەوڵەت و دامەزراوە ئەڵمانییەکان کرد کە گوێ لە داخوازییەکانی گەلی کورد بگرن و ڕێگای دیموکراسی بگرنەبەر.