گۆتێرێز: مرۆڤایەتی دەرگای دۆزەخی کردووەتەوە

ئانتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، مرۆڤایەتی لە رێگەی سوتەمەنی بەبەردبووەوە 'دەرگاکانی دۆزەخی کردووەتەوە'.

ئانتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی باڵای تایبەت بە پرسەکانی کەشوهەوا لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان وتەیەکی پێشکەش کرد.

گۆتێرێز وتی، "قەتیس بوونی گەرما هۆکاری گەرمبوونی گەردوونیە، ئەمساڵ بووە هۆی گەرمبوونی لە رادەبەدەر و زیادبوونی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە".

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوەشکرد، "مرۆڤایەتی دەرگاکانی دۆزەخی کردووەتەوە. گەرمبوونی زەوی لێکەوتەی مەترسیداری هەیە؛ ئەو جوتیارانەی پەرێشان بوون، بەروبومەکانیان بە هۆی لافاوەوە لە ناو دەچێت. قەتیسبوونی گەرما دەبێتە هۆی زیادبوونی نەخۆشیەکان و زۆربوونی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە. بەهەزاران مرۆڤیش لە ترسان ئاوارەبوون".

ئەمریکا و چین کە دوو گەورەترین هێزی گەورەن کە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، بەشدارییان لە کۆبوونەوەی باڵای تایبەت بە ئاو و هەوا نەکردووە. هەروەها بەریتانیاش رێگری لە هەندێک بەڵێن تایبەت بە کەمکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا گرت.

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوەکرد، هێشتا درەنگ نەبووە کە ئاستی گەرمبوونی زەوی لە پلەی ١.٥دا رابگیرێت، ئایندە لەدەست سەرکردەکاندایە.

گۆتێریس هێمای بۆ ئەوەش کرد، "ئێمە هێشتاش دەتوانین جیهانێک لە هەوای پاک، کاری پاک، وزەی دۆستی ژینگە بونیاد بنێین".

هـ . ب