مەسەدە: با بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ ی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکرێت
مەجلیسی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) ڕایگەیاند بۆ پاراستنی یەکێتیی خاکی سوریا ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنێک دیالۆگ بکەن و داوای کرد بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ ی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکرێت.
مەجلیسی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) ڕایگەیاند بۆ پاراستنی یەکێتیی خاکی سوریا ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنێک دیالۆگ بکەن و داوای کرد بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ ی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکرێت.
مەجلیسی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) دەربارەی ڕووداوەکانی دوایین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا توندوتیژی لە سوریا شەرمەزار دەکات و دووپاتی کردەوە کۆنتڕۆڵکردنی حەلەب و دەوروبەری حەما لەلایەن چەتەکانی هەیئەت تەحریر ئەل شام بەبێ پیشاندانی هیچ بەرگرییەک، جێگەی مەترسییە.
بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرا فشار لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی سوریا بکات، شەڕ بوەستێنن و پرۆسەی سیاسی بە بەشداری هەموو لایەنەکان دەست پێ بکرێت.
هەروەها دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە بەرپرسیاری شەڕەکە دادەنێت، دەربارەی ڕەوشی کۆچبەرانی هەرێمی شەهبا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات دەستوەردانی پەلە بکەن، خەڵکی مەدەنی لە شەڕ و قڕکردن و کۆچبەرکردن بپارێزن.
هاوکات ئاماژە بەوە کراوە، مەترسی هەیە چەتەکانی داعش سود لەم ڕەوشە وەربگرن، بانگەواز لە هاوپەیمانی نێونەتەوەیی کرد پشتگیری هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هاوکاری لەنێوان هێزەکانی عێراق و قەسەدە دروست بکەن.
هەروەها جەختکراوەتەوە لە گرنگی ڕۆڵی ڕوسیا لە چارەسەری قەیرانەکە.
مەسەدە ڕایگەیاند ئامادەن لەگەڵ تورکیا دیالۆگ بکەن و تیشکی خستەسەر ئەم خاڵانە:
_ ئەم شەڕە لە بەرژەوەندیی لایەنە سورییەکان نییە و خزمەت بە دوژمنانی گەلی سوریا دەکات، باری خەڵکی سڤیل گرانتر دەکات. بۆیە پێویستە دیالۆگ بکرێت.
_ پێویستە هەموو پێشێلکارییەکان دژی پێکهاتەکانی سوریا بوەستێنرێت، بەتایبەت کورد و نەتەوە و ئایینەکان بەشێکی سەرەکیین لە مێژوو و جوگرافیای سوریا.
_ قەیرانی سوریا تەنها بە ڕێگەی چارەسەری سیاسی و دوور لە دەستوەردانی دەرەکی چارەسەر دەکرێت.
لەکۆتاییدا مەسەدە ڕایگەیاند بۆ پاراستنی یەکێتیی خاکی سوریا ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنێک دیالۆگ بکەن و داوای کرد بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ ی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکرێت.