لە پیرۆ شوێنەواری شارێکی ٣٥٠٠ ساڵە دۆزرایەوە

لە هەرێمی بارانکای باکووری پیرۆ شوێنەواری شارێکی مێژوویی دۆزرایەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٥٠٠ ساڵ.

لێکۆڵەرانی شوێنەوارناسی ڕایانگەیاند، لە هەرێمی بارانکای باکووری پیرۆ شارێکی دێرینیان بەناوی 'پێنیکۆ' دۆزیوەتەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، مێژووی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٣٥٠٠ ساڵ.

بەگوێرەی بی بی سی، شارەکە لەنێوان ساڵانی ١٨٠٠ بۆ ١٥٠٠ـی پێش زاییندا یاخود سەردەمی دەرکەوتنی شارستانییەتە سەرەتاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا، دروستکراوە.

ئەو شارە مێژووییە، نزیکەی ٢٠٠ کیلۆمەتر لە باکووری لیمای پایتەختی پیرۆوە دوورە و ٦٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

ئاماژە بەوە کراوە، لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا کە هەشت ساڵ بەردەوامبوون، پەرستگای ئایینی و خانووی نیشتەجێبوون، لەنێویاندا ١٨ هەیکەلی خانوو دۆزراونەتەوە. هەروەها لە خانووەکاندا پەیکەری قوڕین لە شێوەی مرۆڤ و ئاژەڵ، ملوانکەی دروستکراو لە مرواری و پێستی ئاژەڵیش دۆزراونەتەوە.

شاری پەنیکۆ کە لە نزیکی شوێنی شارستانیی کاراڵە، یەکێکە لە کۆنترین شارستانییەتە ناسراوەکانی ئەمریکا. ئەم شارە نزیکەی پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر لە دۆڵی سویپ دروستکراوە.