ئەنجوومەنى پیرانی ئەمەریکا فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-٣٥ی بە تورکیا ڕاگرت

ئەنجوومەنى پیرانى ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پرۆژەیاسای بودجەی وەزارەتی بەرگریی پەسەند کرد. لە پرۆژەیاساکەدا ئەو خاڵانەش هاتوون، کە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف-٣٥ بە تورکیا ڕادەگرێت.

پرۆژە یاسایەی بودجەى ساڵی ٢٠١٩ی وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا (پنتاگۆن) لەلایەن ئەنجوومەنى پیرانی ئەمەریکاوە (سینات)ەوە پەسەند کرا، کە بڕەکەى ٧١٦ ملیار دۆلار دیاریکراوە. ئەو پرۆژە یاسایەش وەک یاسای ئەرکدارکردنی بەرگریی نەتەوەیی (ئێن دی ئەی ئەی – NDAA) دەناسرێت.

لەبەشێکی پرۆژە یاسایەکەدا ئەو خاڵەش هەیە، کە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف -٣٥ بە تورکیا رادەگیرێت. تورکیا دەیەوێت ١٠٠ فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف-٣٥ بکڕێت، بەڵام ئەنجوومەنى پیرانی ئەمەریکا (سینات) بە پەسەندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە فرۆشتنی ئەو فڕۆکانەی بە تورکیا رادەگرت.

هۆکارى راگرتنى فرۆشتنى فڕۆکەى ئێف ٣٥ى ئەمریکی بە تورکیا بۆ ئەو گومانانە دەگەڕێتەوە، کە تورکیا لە بریی کڕینی ئەو جۆرە فڕۆکە جەنگییانە لە ئەمەریکا، مووشەکى جۆری ئێس ٤٠٠ لە ڕووسیا بکڕێت. هەروەها دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی ئەمەریکی لە تورکیا وەک یەکێکى تر لە هۆکارە کاریگەرەکانی دەرکردنی ئەو بڕیارەی ئەمەریکا لەقەڵەم دەدرێت.

پرۆژەیاساکە ماوەیەک لەوە پێش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاشدا پەسەند کرابوو. لە ئێستاشدا بۆئەوەی ئەو پرۆژە یاسایە ببێتە یاسا و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپەوە واژۆ بکرێت.

 

ر.م