لایەنەکانی شەڕی لیبیا ئاگربەستیان قبوڵکرد
هێزەکانی سەر بە خەلیفە حەفتەر لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا، ئاگربەستیان ڕاگەیاند و داواشیان لە حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی تەرابلوس کرد کە دەوڵەتی تورک پشتگیری دەکات پابەند بێت بەو ئاگربەستەوە.
هێزەکانی سەر بە خەلیفە حەفتەر لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا، ئاگربەستیان ڕاگەیاند و داواشیان لە حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی تەرابلوس کرد کە دەوڵەتی تورک پشتگیری دەکات پابەند بێت بەو ئاگربەستەوە.
لیوا ئەحمەد مسماری، وتەبێژی هێزەکانی سەر بە حەفتەر لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردۆتەوە، بە فەرمانی خەلیفە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگربەستیان ڕاگەیاندووە و ژوورێکی عەمەلیاتیش لە ناوچەی ڕۆژئاوا پێکهاتووە بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە.
مسماری داوای لە حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی کردووە پابەند بێت بە ئاگربەستەکە و هۆشداری ئەوەشیدا لە ئەگەری شکاندنی ئاگربەستەکە وەڵامی توندو سەختیان دەبێت.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، خەلیفە حەفتەر پێشوازیکرد لەو داوایەی ئەنقەرەو مۆسکۆ بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە لیبیا، بەتایبەت دوای هێرشەکەی سەر کۆلێژی سەربازی لە تەرابلوس لە لایەن هێزەکانی حەفتەرەوە.
بەڵام تا ئێستا حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی وەڵامی داخوازییەکەی هێزەکانی حەفتەری نەداوەتەوە بۆ ڕازیبوون بە ئاگربەست، لە کاتێکدا هەفتەی ڕابردوو بەو داوایە ڕازی بوو کە چەند وڵاتێک پێشنیازیان بۆ کردبوو بەو مەرجەی کە هێزەکانی حەفتەر بکشێنەوە.
لە دوای هەڵگیرسانی شەڕو ئاڵۆزییەکانی لیبیا لە ساڵی ٢٠١١، وڵاتەکە ڕووبەڕووی دابەشکاری سەربازی و سیاسی لە نێوان حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی و هێزەکانی خەلیفە حەفتەر بووەتەوە، لە ئێستاشدا دەوڵەتی تورک لە بەرژەوەندی حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی دەیەوێت دەستوەردانی سەربازی لە وڵاتەکەدا بکات، بەڵام ئەو هەنگاوە لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە ڕەتکراوەتەوە.
ف.ق