ماکرۆن بۆ پوتین: دەست بۆ کورد مەبە!

ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا بە تەلەفون لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکى رووسیا قسەى کردووە و داوای لێکردووە، دەست بۆ کورد نەبات.

رۆژنامەى لوپاریزینى فەرەنسىى بڵاویکردەوە، ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا رۆژی چوارشەممە (دوێنێ) لەبارەى بڕیاری کشانەوەى دوناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا لە سوریا، بە تەلەفون قسەی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکى رووسیا کردووە.

رۆژنامەى لوپاریزێنى فەرەنسی هەواڵەکەى لە کۆشکی ئیلیزێ وەرگرتووە و بەپێى ئەو هەواڵە، ماکرۆن لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەیدا بە پوتینى وتوە، پێویستە کورد بپارێزێت.

بەپیى راگەیاندراوى کۆشکی ئیلیزێ ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا وتویەتى "دەبێت مرۆڤ خۆی لە هەر جۆرە ناوچەیەکی نوێی ئارام (دروستکردنى ناوچەى نوێى ئارام بۆ گروپە چەکدارەکان) بەدوور بگرێت، کە تیرۆریستەکان بۆ خۆیان بەکاری بهێنن".

ئاماژە بەوەشکراوە "لەسەر ئەوە هەڵوەستە کراوە، کە لە پێش هەمووانەوە، کورد هێزی هاوپەیمانی، هاوپەیمانیى نێودەوڵەتییە و دەبێت مرۆڤ تێکۆشانەکەیان لە دژی تیرۆری ئیسلامى لەبەرچاو بگرێت و بەرگرییان لێ بکات".

دواى بڕیارەکەى ترامپ بۆ کشانەوەى هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا، ٣ بەڕێوەبەریى فیدراسیۆنى باکووری سوریای بانگهێشتى کۆشکی ئیلیزێ کرد و چاوپێکەوتنى لەگەڵ ئەنجامدان. شاندەکەى رۆژئاوا و باکووری سوریا لەو سەردانەدا داواى پشتیوانى دیپلۆماتیکیان کردبوو.

مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیر دەرەوەى دەوڵەتى تورک لە سەری ساڵی نوێدا هەڕەشەى کرد و رایگەیاندبوو، مانەوەى سەربازیى فەرەنسا لە سوریا و پشتیوانیکردنى لە یەپەگە هیچ سوودێکى بۆ فەرەنسا نابێت. بەرپرسانى فەرەنسا هیچ وەڵامێکى فەرمییان بەو هەڕەشەیەى تورکەکان نەداوەتەوە.

ر.م