کەجەکە پیرۆزبایى لە بەرهەم ساڵح کرد: ئیمە زۆر بە گرنگى دەزانین
هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە بەرهەم ساڵح پاڵێورای یەکێتی، کە رۆژی سێشەمە بە دەنگدان بوو بە سەرۆک کۆماری نوێى عێراق، پیرۆز کرد.
هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە بەرهەم ساڵح پاڵێورای یەکێتی، کە رۆژی سێشەمە بە دەنگدان بوو بە سەرۆک کۆماری نوێى عێراق، پیرۆز کرد.
هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پیرۆزبایى لە بەرهەم ساڵح پاڵێوراوى یەکێتیى کرد، کە رۆژی سێشەممەی رابردوودا لە دەنگداندا بوو بە سەرۆک کۆماری نوێى عێراق.
کەجەکە لە پەیامێکدا پیرۆزبایى لە بەرهەم ساڵح کرد و دڵخۆشیى خۆی بۆ بوون بە سەرۆک کۆماریى بەرهەم ساڵح خستەڕوو و رایگەیاند، "لەم قۆناغەى ئێستادا کە کێشەى قورسی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتى بوونیان هەیە، ئێمە زۆر بە گرنگی دەزانین کە رێزدار بەرهەم ساڵح پۆستێکى ئەوەندە گرنگی وەرگرتووە".
لە پەیامى پیرۆزبایى کەجەکەدا هاتووە "لە ئەنجامى هەڵبژاردن لە پەرلەمانى عێراقدا و بە پشتیوانیى زۆربەى پەرلەمانتارەکان رێزدار بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆک کۆماری هەڵبژێردرا و ئێمەش بە دڵخۆشییەوە پێشوازیى لێدەکەن و لێى پیرۆز دەکەین. ئێمە هیوادارین کە ئەو ئەرکە گرنگە کە بەرهەم ساڵح خستوویەتە سەر شانی و ئەو بەرپرسیاریتییە بۆ هەموو گەلانى عێراق ببێتە مایەى خێر و بێر.
لەم قۆناغەى ئیستادا کە لە باشووری کوردستان، عێراق و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا قەیران و کێشەى قورسی سیاسی، ئابوروی و کۆمەڵایەتى بوونیان هەیە، ئێمە زۆر بە گرنگى دەزانین کە رێزدار بەرهەم ساڵح پۆستێکى ئەوەندە گرنگى وەرگرتووە.
زۆر گرنگ و بەهادارە، کە رێزدار بەرهەم ساڵح لە پەرلەمانێکدا کە نوێنەرایەتى چەندین ناسنامەى ئیتنیکى، ئایینى و مەزهەبى دەکات، پشتیوانیى لێکراوە و بووە بە سەرۆک کۆمار. ئەو دۆخە دەرەنجامى ئەوەیە کە رێزدار بەرهەم ساڵح لە هەموو ژیاندا لەگەڵ هەموو لایەنەکانى کۆمەڵگە و لایەنە سیاسییەکاندا پەیوەندیی هەبووە و دانوستانى ئەنجامداوە، هەروەها نیشانەى ئەوەیە کە هەموو گەل لەبارەى چارەسەرکردنى قەیرانەکانەوە بڕوا و متمانەى پێدەکەن و هیوایان پێیەتى.
ئێمە لەو بڕوایەداین کە رێزدار بەرهەم ساڵح دەبێتە خاوەنی ئەو ئەرکە و رۆڵە و ئەو هیوایەشمان پێى هەیە. ئێمە هیوادارین کە بە هۆشمەندی و عەقڵیەت و سیاسەتى خۆی رێگا بۆ ئەوە خۆش بکات کە گەلانى عێراق لە گەمارۆی ئتنیکى و ئایینى و مەزهەبی رزگار بکات و هۆشمەندی و عەقڵیەتی ژیانێکى دیموکراتیک بونیات بنێت.
ئێمە هیودارین کە سەرەتا بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد لەسەر بنەمای چارەسەری دیموکراسییانە و لەسەر بنەماى بەها دیموکراتیکەکان بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە سیاسی، ئابوروی و کۆمەڵایەتییەکان ببێتە دەستپێشخەر.
لەو چوارچێوەیەدا ئێمە جارێکیتر دڵخۆشیی خۆمان دەخەینەڕوو، کە رێزدار بەرهەم ساڵح بووە بە سەرۆک کۆماری عێراق و ئێمە پیرۆزبایى لێدەکەین".
ر.م