فرانجسکا ئالبانیز، ڕاپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە فەلەستین، شەڕی غەززەی کە ئێستا لە ٢١ـەمین مانگیدایە بە جینۆساید وەسف کرد و داوای کرد ئەو کۆمپانیا جیهانیانەی لە بەرەو پێشچوونی شەڕی غەززە کار دەکەن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
ڕاپۆرتەکە بەناونیشانی "لە ئابووریی داگیرکارییەوە بۆ جینۆساید" بانگەشەی ئەوە دەکات کە کۆمپانیا و دامەزراوەکانی وەک لاکهید مارتین، پالانتیر، وڵڤۆ، bnp پاریباس، بارسلایس، ڤەنگارد و سندوقی سامانی نەرویج ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارن لە وێرانکاری و ئەو کۆمەڵکوژییەی لە غەززە ڕوودەدات.
ئالبانیز ڕایگەیاند کە ئەو کۆمپانیایانەی ئاماژەیان پێکرا، بە پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بەشدارن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا بە وردی ڕۆڵی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-٣٥ و ئامێرە قورسەکان لە لەناوبردنی ژێرخانی مەدەنی و ژیانی مەدەنی خراوەتەڕوو. بەتایبەتی، هاوکارییەکانی پالانتیر لەگەڵ سوپای ئیسرائیل و ئەو ئامێرە وێرانکارییانەی کە لەلایەن کۆمپانیای وڵڤۆوە دابینکرابوون و پشتیوانی کۆمپانیا داراییە گەورەکان.
ئالبانز لە ڕاپۆرتەکەیدا پێشنیاری کردووە کە سزای ئابووری چەک و تەقەمەنی بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێندرێت و داوای کردووە کۆمپانیاکان و بەڕێوەبەرانیان لەسەر تاوانە جیهانیەکان لە دادگای تاوانە نێونەتەوەییەکان دادگایی بکرێن.
هەروەها ئالبانز لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دەوڵەتەکان کرد کە گەمارۆی ئابووری چەک بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنن و پەیوەندییە بازرگانی و داراییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بپچڕێنن. هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل لە غەززە "هەڵمەتی جینۆساید" بەڕێوە دەبات.