دەوڵەتی فەرەنسا دیەوێت پەنابەرێکی کورد دیپۆرت بکاتەوە

ئەنجوومەنی دیموکراتیکی کوردی فەرەنسا( CDK-F) ڕایگەیاند، هەموو مافەکانی پەنابەری کورد ئیدریس کاپڵان پێشێل کراوە و هەوڵی دیپۆرتکردنەوەی دەدرێت و بە توندی ئەو هەڵوێستەی ئیدانە کرد.

لە بەیاننامەکەیدا ( CDK-F) ڕایگەیاند؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیدریس کاپڵان پەنابەری کورد لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە و گۆاستراوەتەوە بۆ گرتووخانەی ڤینسێنس (CRA).

هەروەها ( CDK-F) ڕایگەیاندووە: "ئەم بڕیارە یەکسەر سووکایەتییەکی بە بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ و مافی پەنابەری."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "هەوڵدەدرێت کاپڵان بۆ تورکیا دیپۆرت بکرێتەوە کە ڕۆژانە بە شێوەیەکی سیستماتیک مافەکانی کورد تێدا پێشێل دەکرێت و خەڵک ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و چەوساندنەوە دەبێت. کاپڵان ئەگەر دیپۆرت بکرێتەوە، ئەوا سزای ٢٥ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت. سەرەڕای ئەوەی فەرەنسا ئاگاداری هەموو ئەم ڕاستیانەیە، پێداگری لەسەر گەڕانەوەی بۆ وڵاتێک دەکات کە ژیان و ئازادیی لە ژێر هەڕەشەدایە."

( CDK-F) بڕیاری دەستبەسەرکردن و دیپۆرتکردنەوەی کاپڵانی بە توندی ئیدانە کرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا کرد دەستبەجێ ئەم بڕیارە نامرۆڤانەیە هەڵبوەشێننەوە.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە فەرەنسا واز لە هاوکاریی سیاسەتە چەوسێنەرانەکانی ئەنقەرە بهێنێت کە کورد و هەموو چالاکوانە سیاسی و تێکۆشەرەکان بۆ ئازادی و دادپەروەری بە تاوانبار دەزانێ. هاوکات داوای ئازادکردنی ئیدریس کاپڵانی کرد.

لەکۆتاییدا داوای لە ڕای گشتی فەرەنسا و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و هەموو لایەنگرانی دادپەروەری کرد، دژایەتی ئەم دیپۆرتکردنەوە بکەن و ناڕەزایەتیەکانیان دەرببڕن.