لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا پۆلیس ڕایگەیاند، کەسێک جانتایەکی پڕ لە تەقەمەنی لە وێستگەی شەمەندەفەر داناوە و هێزەکانیان بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێن.
لە ڕاگەیەندراوێکی پۆلیس کە لە هەژمارەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە کە ڕۆژی چوارشەممە کاتژمێر ١٥:٣٠ لە وێستگەی نیۆکۆڵن پۆلیسەکان ویستوویانە کەسێک ڕابگرن بە مەبەستی پشکنین، بەڵام ئەو کەسە جانتاکەی جێهێشتووە و هەڵاتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، جانتاکە تەقەمەنی تێدا بووە و لە پارکێکی نزیک شوێنی ڕووداوەکە، لە ڕێگەی ڕیمۆتەوە و بەشێوەیەکی پارێزراو تەقێندراوەتەوە.
باس لەوەدەکرێت، کە لە سایەی ئەم دەستوەردانەی پۆلیس هەوڵێکی ئەنجامدانی تەقینەوە پوچەڵکراوەتەوە.
لە هەفتەکانی ڕابردوودا بەرپرسانی ئەڵمانیا ڕایانگەیاندبوو، کە پلانێکی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیلیان پوچەڵ کردووەتەوە و تۆمەتبارێکیشیان دەستگیرکردووە، کە خەڵکی لیبیایە و گومانی لێدەکرێت پەیوەندی بە داعشەوە هەبێت.