لە ئیسپانیا چەند چالاکییەک بۆ ئازادیی رێبەری گەلی کورد بەڕێوەچوون

لە هەرێمەکانی موریسیا، ئاراگۆن و کاتالۆنیای ئیسپانیا رێکخراوە سەندیکاییەکان، گەنجان و ژنان بە چالاکی جیاجیا بەشدارییان لە هەڵەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد'دا کرد.

لە چوارچێوەی هەڵەمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد' کە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی سازدەکرێت، لە وڵاتی کاتالۆنیا رێکخراوە مەدەنییەکان چەند چالاکییەکیان سازکرد.

لە هەرێمی خۆبەڕێوەبەری موریسیای ئیسپانیا 'کۆمیتەی ژنان رۆژئاوا دەپارێزن' لە چوارچێوە هەڵمەتەکەدا چالاکی سەرنجڕاکێشی سازکرد. لە شاری موریسیا دانیشتوانی شارەکە لە هەموو گۆڕەپانێک پلاکارد و پۆستەری "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان'یان هەڵواسی و دەستیان بە وێنەگرتن کرد. ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی شارەکەش بەشدارییان لە چالاکی وێنەگرتندا کرد و ئەلبۆمێکی وێنەیان سازکرد. ژنان دواتر ئەو ئەلبۆمە وێنەییەیان بە مۆری کەمپینەکەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاوکردەوە.

لقی ریۆجای کۆنفیدراسیۆنی کرێکارانی کەرتی گشتییش سەبارەت بە هەڵمەتی نێونەتەوەیی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. ئۆلگا بیلێنگیور دی ئێچاڤێ سکرتێری لقی ریۆجای کۆنفێردراسیۆنی کرێکارانی کەرتی گشتی رایگەیاند، کە ئەوان پشتیوانی لە هەڵمەتی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.

ئۆلگا ئێچاڤێ باسی لە گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و ئەوەی خستەڕوو کە لەپێناو چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورددا دەبێت گۆشەگیری هەڵبگیرێت و ئۆجالان ئازاد بکرێت. وتیشی: "ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بە واتای چارەسەر ئاشتیانە، یەکسان و سیاسیانەی پرسی کوردە".

لە کاتالۆنیاوە پشتیوانی بۆ هەڵمەتەکە

رێکخراوەکانی گەنجانی کاتالۆنیا ئارائان پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتەکە ئاشکرا کرد و هەڵوێستی رێکخراوە نێونەتەوەییەکانیان شەرمەزار کرد کە لە بەرامبەر گۆشەگیری بێدەنگن. رێکخراوەکانی گەنجان بە بیریان هێنایەوە کە ئۆجالان بەر لە ٢٥ ساڵ بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی رفێندرا و رادەستی تورکیا کرا و رایانگەیاند، کە لەو کاتەوە گۆشەگیری لە دژی ئۆجالان سەپێندراوە و نزیکەی ٥ ساڵە لە ناو گۆشەگیری رەهادا زیندانییە.

رێکخراوەکانی گەنجانی ئارائان ناتۆ، ئیسپانیا، فەرەنسا و هەموو ئەو هێز و دەوڵەتانەیان شەرمەزار کرد کە بەرامبەر گۆشەگیری و هێرشەکانی سەر گەلی کورد بێدەنگن و جەختیشیان لە داواکاری ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان کردەوە.