لە ئیتاڵیا لە دژی کۆمەڵێک قاچاخچی لێکۆڵینەوە دەستپێکرا

پۆلیسی هەرێمی کالابریا لە باشووری ئیتاڵیا لە دژی کۆمەڵێک چەتەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد.

لەو ئۆپەراسیۆنانەی لە شاری ڕیجیۆ دی کالابریا  ئیتاڵیا و دەورووبەری ئەنجامدراون، ٢٥ گومانلێکراو دەستبەسەرکراون و ٤٣ کەسیش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

بە پێی قسەی حکومەت، ئەو چەتانە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠٢٢ زیاتر لە ٣٠ جار بە بەلەم نزیکەی دووهەزار کۆچبەرانیان لە تورکیاوە بۆ ئیتاڵیا گواستووەتەوە.

هەروەها ئەوەش ڕاگەیاندراوە کە تۆڕی چەتەکان بڕی ١٠ ملیۆن یۆرۆیان قازانج کردوە کە لە کۆچبەران وەرگیراوە و ئاماژەیش بەوەکراوە یەک لەسەر سێی ئەم پارەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

ڕاگەیەندراوە ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، بە ڕەچەڵەک تورک، جۆرجیی، ئۆکراینی و مۆڵدۆڤانیین.

ئیتالیا لەسەر ڕێگەکانی کۆچبەرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقا بەرەو ئەورووپا. لە شەش مانگی سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٥دا نزیکەی ٣٠ هەزار کۆچبەر گەشتوونەتە کەناراوەکانی ئیتاڵیا.