پێنتاگۆن: کۆریای باکور نزیکەی ١٠هەزار سەربازی ڕەوانەی ڕوسیا کرد

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پێنتاگۆن، کۆریای باکوور بەمەبەستی مەشق پێکردن نزیکەی ١٠ هەزار سەربازی ڕەوانەی ڕوسیا کردووە.

 ناوەندی هەواڵ

مۆسکۆ و پیۆنگ یانگ لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ـەوە واتا سەرەتای شەڕی ئۆکرانیا، پەرەیان بە هاوکارییەکانیان داوە. بەڵام ئەو بانگەشەیەی کە یەکینەکانی کۆریای باکوور بەشداری شەڕ دەبن، دۆخێکی نوێ دەخاتەڕوو.

 سابرێنا سینگ جێگری وتەبێژی پینتاگۆن بە فەرمی ناوی کۆریای باکووری ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: "لەو باوەڕەداین کۆریای باکوور بۆ مەشق و ڕاهێنان، نزیکەی١٠ هەزار سەربازی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا کردووە."

سابرێنا سینگ ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕوسیا هێزە سەربازییەکانی لە نزیک ئۆکرانیا زیاد دەکات و ڕایگەیاند: "بەشێک لەو یەکانەی لە ئێستاوە لە نزیک ئۆکرانیادا جێگیربوون".

یون سوک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور دوای راگەیەندراوەکەی پێنتاگۆن، هاوکارییە نایاساییەکانی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکووری شەرمەزار کرد و ئاماژەی بەوەکرد ئەو هاوکارییە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان.

ڕۆژی سێشەممە ئەندامێکی پەرلەمانی کۆریای باشوور سەرنجی بۆ زانیارییەکانی هەواڵگری کۆریای باشوور ڕاکێشا و ڕایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە ژەنەڕاڵەکانی کۆریای باکوور بەشداری شەڕی ئۆکرانیا بکەن.

هەروەها ڤلادمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا سەرنجی خستەسەر زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگری و وتی: "پێشبینی دەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەی سەربازانی کۆریای باکوور کە لە ڕووسیا جێگیرکراون، بگاتە ١٢ هەزار سەرباز و نیگەرانن لەوەی ئەو هێزە لە مەیدانەکانی شەڕی ئۆکرانیا جێگیر بکرێن. هەروەها جوبایدن سەرۆکی ئەمریکا جێگیرکردنی ئەو سەربازانەی بە دۆخێکی "مەترسیدار" پێناسە کرد.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی توێژینەوەی جەنگی ئەمریکا، سوپای ڕوسیا لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە بە درێژایی ٤٧٨ کیلۆمەتر دووجا خاکی ئۆکرانیای خستووتە بن کۆنترۆڵەوە.

بە وتەی مارک رووتە ئەمینداری گشتیی ناتۆ، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا بەبێ پشتیوانی وڵاتانی دیکە ناتوانێت بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا و ڕایگەیاندووە، تا ئێستا زیاتر لە 600 هەزار سەربازی ڕووسیا کوژراون و برینداربوون.