ئاماری قوربانیانی مەدەنی لە شەڕی ئیسرائیل و ئێراندا بەرز دەبێتەوە
لە شەڕی ئیسرئیل و ئێراندا ڕێژەی قوربانیانی مەدەنی بەرزتر دەبێتەوە.
لە شەڕی ئیسرئیل و ئێراندا ڕێژەی قوربانیانی مەدەنی بەرزتر دەبێتەوە.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بە هێرشەکانی هەردوو وڵات بۆ سەر ناوجەرگەی شارەکان مەترسییەکان زیادی کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە باتیام لە هێرشێکی موشەکی ئێراندا بۆ سەر باڵەخانەیەکی ١٠ نهۆمی، لانیکەم شەش کەس گیانیان لەدەستداوە، حەوت کەسی تریش لەژێر دارووپەردوودا ماون. لەهەمان کاتدا، لە بەشی باکووری ڕۆژئاوای تاران، لەسەریەک دەنگی تەقینەوە دەبیسترێت. میدیای ئێران ڕایگەیاند کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی لە پایتەخت، خراونەتە ئامادەباشییەوە.
ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانی بەردەوامە
ئیسرائیل بەدرێژایی شەوی ڕابردوو هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بەردەوامیی هەبوو. سوپای ئیسرائیل دێپۆی نەوتی شەهرانی لە تاران و وێستگەیەکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی لە لە ئیسفەهان بە ئامانج گرت. بەگوێرەی زانیارییەکان لە هێرشەکەی سەر تاراندا ٦٠ کەس گیانیان لە دەستداوە کە ٢٠ـیان منداڵن. نوێنەری نەتەوە یەکگترووەکان ڕایگەیاند کە بەگشتی ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ٧٨ کەسن.
ئیسرائیل پەیامی 'چۆڵکردن'ـی دا بە هاووڵاتییانی ئێران
یۆڤ گاڵانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و ئاڤچای ئادرای وتەبێژی سوپا لە پەیامێکدا بە زمانی فارسی بانگەوازییان بۆ خەڵکی ئێران کردووە. لە پەیامەکەدا داوایان کرد کە ناوچەکانی دەوروبەری کارگەکانی هەڵگرتنی چەک، چۆڵ بکرێن و زانیاری نەدرێتە دەسەڵاتداران.
هۆشدارییەکەی ئادرای، وەک چۆن پێشتر لە جیهانی عەرەبیدا وەک غەززە و لوبنان بەهەند وەردەگیرا، لە ئێرانیش بە وردی چاودێری دەکرێت.
حەوت فەرماندەی پلەدار کوژران
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا حەوت فەرماندەی تری پلەداری سەر بە هێزە ئاسمانییەکانی ئێران کوژراون. بەگوێرەی بەیاننامەیەک ئەو فەرماندانەی کوژراون ئەمانەن: مەحمود باقری،داود شێخیان،محمد تاهیرپور،مەنسور سەفەرپور، مەسعود تەییب، خەسرەو حەسەنی و جەواد جەرسرا.
ئێران ناڕەزایەتیی توندی بەرامبەر ئەمریکا نیشاندا
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمریکای بە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل تۆمەتبار کرد. لە پەیامێکدا لەسەر تەلەگرام وتی،"بەبێ ئاگاداریی و ڕێپێدانی ئەمریکا ئەم هێرشانە ئەنجام نەدراون." عێراقچی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هێرشانە دانوستانە نوێیەکانی پەیوەست بە ئەتۆم کە پلانی بۆ دانرابوو لەنێوان ئێران و ئەمریکا دەستپێبکەن، تێکدا.