ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان داوای مسۆگەری لە ئەمریکا دەکات
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەتوانێت لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی دانوستان بکات، بەڵام تەنها بەو مەرجەی هێرشەکانی دژی ئێران دووبارە نەبنەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەتوانێت لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی دانوستان بکات، بەڵام تەنها بەو مەرجەی هێرشەکانی دژی ئێران دووبارە نەبنەوە.
ئەو قسانە لە بابەتێکدا هاتبوو کە ئاراستەی دیپلۆماتکارانی بیانی لە تاران کراوە و لە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزدا بڵاو کرایەوە.
عێڕاقچی ڕاگەیاندووە بەو مەرجەی کە هێرشەکان بۆ سەر ئێران دووبارە نەبنەوە دەکرێت دانوستانەکان دەستپێ بکەنەوە.
عێڕاقچی وتی: "هەڵبژاردن بە ئەمریکایە، ئایا ئەمریکا دیپلۆماسی دەستپێدەکات، یان بەردەوام لەگەڵ هەندێکدا درێژە بە شەڕ دەدات؟ دەبێت خۆی یەکلا بکاتەوە."
هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ڕاگیرا
پاش هێرشەکان، ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ڕاگرت و کشانەوەی خۆی لە پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی ڕاگەیاند. عێڕاقچی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا هاوکارییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی وڵات بەڕێوە دەچێت.
هەروەها مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاندووە، زیانێکی زۆر بەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان کەوتووە.
نەتانیاهۆ: بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانمان ١٠ساڵ دواخستووە
نەتانیاهۆ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەوان بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان بۆ ١٠ ساڵ دواخستووە و وتی: "دوای شکستی حیزبوڵلا، ئێران لەسەر بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی جەختی کردەوە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش لەم مەترسییە تێگەیشت و لەگەڵ ئیسرائیل دژی دوژمنێکی هاوبەش سیاسەتی هاوبەشی دەستپێکرد.
ئاماری شەڕەکەی ئێران و ئیسرائیل
ئێران ڕایگەیاند کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا ١٠٦٠ کەس کوژراون. هەروەها ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ٢٨ کەس لە هێرشەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە.