دەوڵەتى تورک توشبوانى کۆرۆنا دەگوێزێتەوە بۆ سەرێکانی لە رۆژئاواى کوردستان

د. جوان مستەفا هاوسەرۆکی کۆمیتەى تەندروستیی باکوور ور ۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، دەوڵەتى تورک توشبوانى کۆرۆنا دەگوێزێتەوە بۆ نەخۆشخانەى سەرێکانی لە رۆژئاوا و بەو شێوەیە سەرقاڵی ئەنجامدانی تاوانە.

دکتۆر جوان موستەفا هاوسەرۆکی کۆمیتەى تەندروستیی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا باسی لە مەترسیی پەتاى کۆرۆنا بۆ سەر باکوور  رۆژهەڵاتی سوریا بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی رایگەیاند، بەپێی تواناکانى خۆیان ئامادەکاری و رێوشوێنیان گرتووەتەبەر و راشیگەیاند "توانای ئەوەیان نییە بەرامبەر بە پەتایەکى لەوشێوەیە بوەستنەوە".

دکتۆر جوان موستەفا باسی ئەوەیکرد، باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ماوەى ٩ ساڵە لە ناو شەڕ و گەمارۆدایە و ئێستاش ئەو پەتایە هاتووەتە سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژانە دەبێتە هۆی مردنی چەندین کەس. دواى ئەوەى پەتاکە گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاڵە سنوورییەکانمان داخست و رێگامان نەدا کەس خۆی لە سنوورەکان نزیک بکاتەوە. لەسەرتاسەری ناوچەکەدا گەشتی نێوان شارەکان راوەستێنراوە و چوونە دەرەوە قەدەغە کاروە. کارەکانى دەرمان رژاندن و پاککردنەوە ئەنجام دەدەرێن و بەپێی تواناکانمان ئامادەکارییە پێویستەکان دەکەین. لە سایەى ئەو رێوشوێنانەىت گیراونەتەبەر تاوەکو ئێستا لە ناوچەکەدا هیچ نەخۆشێک تۆمار نەکراوە.

بەڵام هەموو کاتێک ئەگەری ئەوە هەیە، کە لە هەرێمەکەدا نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوببێتەوە و لە دۆخێکى لەوشێوەیەدا ئێمە توانای چارەسەرکردن و پێداویستیی پزیشکی و تیمی تەندروستی و توانای مادیمان زۆر کەم دەبێت و توانامان نابێت بەرەنگاری ئەو نەخۆشییە ببینەوە. بۆ نمونە لە ناوچەیەکى وەک شەهبا توانای تەندروستی زۆر کەمە. ئەو توانا تەندروستییە هەیە بەشی پێداویستیی رۆژانە ناکات، چونکە ناوچەیەکى گەمارۆدراوە".

دکتۆر جوان موستەفا لەبارەی ژمارەی نەخۆشخانەکان و تیمەکانى تەندروستی و تواناکانى پشکنین وتی "جگە لە نەخۆشخانە تایبەتەکان خۆبەڕێوەبەری ١٤ نەخۆشخانەى هەیە. نەخۆشخانەکان بەپێی هەلومەرج و پێداویستیی ناوچەکە دروستکراون. نەخۆشخانەکان و خزمەتگوزاریی خێرا ٢٤ کاتژمێر لە خزمەتى هاووڵاتییاندان. لە نەخۆشخانەکانیشدا لە ٤٠ تاوەکو ٢٠٠ پزیشک و پەرەستار و کارمەندی تەندروستی ئەرکدارن.

لە ئەنجامی کارێکى هاوبەشی کۆمیتەى تەندروستی و رێکخراوی (PIS)ی سویدی ئامێری پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنامان دروستکردووە، کە دەتوانێت لە ماوەى ٣٠ بۆ ٦٠ خولەک و بە رێژەى ٨٠ بۆ ٨٥ لەسەد ئەنجامی پشکنین بۆ کەسەکان بخاتەڕوو. ئەو ئامێری پشکنینە لە هەموو ناوەندە تەندروستییەکانى باکوور و رۆژهەڵاتی و سوریادا دانراوە. بۆ دەستنیشانکردنی ١٠٠ لە سەدی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستیمان بە هەندێک کەلوپەلی جیاوازتر هەیە و لە هەوڵی دابینکردنی ئەو ئەو کەلوپەلانەشداین. لەبەر ئەوەى ناوچەکەمان گەمارۆدراوە و سنوورەکانیش داخراون کێشەمان هەیە. ئەوەش گەورەترین کێشەى بەردەمانە و بەو دۆخە بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسەکە لە توانای تیمە راهێنراوە پزیشکییەکانماندا نییە".

دکتۆر جوان موستەفا راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا رێکخراوى تەندروستیی جیهانی (WHO) هیچ هاوکارییەکى پێشکەش نەکردوون.

لە بارەى دۆخ و مەترسیی سەر کامپەکان وتی "ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا بە ئاسانی بڵاودەبێتەوە، لە کامپەکاندا سەدان هەزار کەس هەن. ئەوەش دۆخێکى زۆر مەترسیدارە. زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس، کە زۆرینەیان بنەماڵەى داعشن لە کامپی هۆل دان، کە گەورەترین کامپی ناوچەکەیە. لە کامپی هۆل هاووڵاتییانى ٤٤ وڵاتیان تیادایە، بۆیە بەرپرسیاریش دەکەوێتە ئەستۆی ٤٤ وڵات و هاوپەیمانیی نێونەتەوەیش".

دکتۆر جوان موستەفا لەبارەى تاوانەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەریشەوە لەم دۆخەدا وتی "بەپێی زانیارییەکانمان، دەوڵەتى تورک نەخۆشخانەى رۆژ لە سەرێکانی کردوەتە شوێنى کەرەنتینە بۆ توشبوانی کۆرۆنا و کەسانی توشبوو بە کۆرۆنا دەگوێزێتەوە بۆ ئەو نەخۆشخانەیەى سەرێکانی. ئەوەش مەترسییەکى زۆر گەورەیە بۆ بڵاوبوونەوەى نەخۆشیی کۆرۆنا بۆ سەر ناوچەکە و دەوڵەتى تورک لەو رێگەیەوە خەرێکى ئەنجامدان تاوانە".

ژ.ت