بە تێکۆشانی بەردەوام وەڵامی توندوتیژی دەدرێتەوە

ئارەزوو تەمۆ ڕایگەیاند، تەنها بە تێکۆشانی ڕێکخراو ڕێگە لە توندوتیژی سەر ژنان دەگیرێت و گوتی، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە یاسای خێزانی دژی توندوتیژی تێدەکۆشن.

بەرپرسی ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سەر ژنان، ئارەزوو تەمۆ، پەیوەست بە ڕۆژی نێونەتەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر ژنان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

تێکۆشانی یاسایی دژی توندوتیژی

ئارەزوو، تیشکی خستەسەر تێکۆشانی بەردەوامی ڕێکخراوەکەیان بۆ پاراستن و هۆشیارکردنەوەی ژنان،  گوتی: " ئێمە ڕۆڵی پشتیوانیکردنی ژنان و پەروەردەکردنی ژنان و ڕێکخستنی ژنان دەگێڕین. لە کەیسەکانی بەردەم دادگادا، هەوڵدەدەین لەگەڵ ژنان ڕاستییەکان ڕوون بکەینەوە و دادپەروەری بەدەستبهێنین".

ئارەزوو ئاماژەی کرد بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت لە دژی ژنان، گوتی: "لەگەڵ هەڕەشە و تۆقاندن و هەوڵدان بۆ تەسلیمکردنیان لە ڕێگەی هێرشەوە، بەڵام ژنان بە بەرخۆدان و تێکۆشان و شۆڕش وەڵامیان دایەوە. ئەوان پێگەی پێشەنگی خۆیان پاراست. ژنان پێشەنگایەتی جڤاک دەکەن، ژنانەی نیوەی جڤاکن، تا ژن ئازاد نەبێت جڤاکیش ئازاد نابێت".

هەروەها گوتی: " ژنان و منداڵانی کۆچبەر لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە ماندوو بوون. دوورخستنەوەی منداڵ لە قوتابخانە، لە هەڤاڵەکانی، لە گۆڕەپانەکانی یاریکردن، ئاستەنگە لەبەردەم گەشەکردنی داهێنەرانەی منداڵدا".

لە عەفرین و گرێ‌سپی و سەرێکانی توندوتیژی لە بەرزترین ئاستدایە

ئارەزوو تیشکی خستە سەر کێشەی ژنان لە هەرێمە داگیرکراوەکان، ئاماژەی کرد بە کوشتن و ڕفاندن و دەستدرێژی کردنە سەر ژنان لە هەرێمە داگیرکراوەکانی ژێردەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، گوتی: "ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە دەچنە هەرێمەکە پێویستە کارە تیرۆریستییەکان لە هەرێمەکە ئاشکرا بکەن و دەوڵەتی تورک دادگایی بکەن. تا ئەوکاتەی دەوڵەتی تورک سزا نەدرێت، ڕووداوەکانی هەرێمە داگیرکراوەکان ئاشکرا نابن و تاوانەکان بێ سزا دەمێننەوە."

ئارەزوو ڕایگەیاند، تا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، تا مانگی نیسان توندوتیژی سەر ژنان کەم بوو، بەڵام لە مانگی ئایاردا زیادی کرد، گوتی: " پاش ئەوەی سیاسەتی شەڕی تایبەت دژی ژنان هاتنە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی و توندوتیژی زیادیکرد، ژنان بە زیهنیەتی پیاوسالاری و بەگوێرەی نەریتی جڤاکی بە ناوی "ناموس و شەرەف"ـەوە کوژران. بۆچی توندوتیژی دژی ژنان لەماوەی ئەمساڵدا زیادی کردووە؟ بێگومان ئێمە لەمە دەکۆڵینەوە. تا بزانین کارەکانی هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستنمان لە چ ئاستێکدا کەمیان هێناوە تاوەکو توندوتیژی بەم ئاستە زیاد بکات. ئایا سیمینارەکانمان بەس بوون یان نا، ئایا گەیشتینە هەمووان یان نا، ئاخۆ بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری بەباشی لە دۆزەکەمان کۆڵیوەتەوە یان نا؛ لەم بابەتانەدا، پێویستە ڕەخنە هەبێت".

هەرێمی جەزیرە، ئەو شوێنەیە توندوتیژی تێیدا کەمە

ئارەزوو ڕایگەیاند، لەگەڵ شۆڕشی ژناندا، زنجیری کۆیلایەتی ژنان شکێنرا، زۆر ژن دژی پیاوسالاری وەستانەوە، تێکۆشانیان کرد، بەڵام لەگەڵ تێکۆشان، توندوتیژیش زیادی کرد، دووپاتی کردەوە، ئەو شوێنەی توندوتیژی تێیدا کەمە، هەرێمی جەزیرەیە، گوتی: " کاتێک بەراوردی دەکەین بە ڕۆژهەڵاتی ناوین و سوریا، لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٤ دوای داڕشتنی یاساکان، توندوتیژی لە هەرێمی جەزیرە کەمی کردووە. لە هەرێمی جەزیرە یاسای خێزان لە ئاستی ٦٠٪ جێبەجێ دەکرێت. بەداخەوە لە هەرێمی فورات هێشتا نەمانتوانی بگەینە ئەنجامە خوازراوەکە. لە ڕێگەی گفتوگۆوە، بە جێبەجێکردنی یاسای خێزان، هەوڵ دەدرێت ئاستەنگەکان لاببرێن. تا ئێستاش ژنێکی زۆر لە ڕەقە دەکوژرێن. کۆمەڵکوژی پێی دەوترێت خۆکوشتن. بە بەرزکردنەوەی دەنگی دادپەروەری لە دژی توندوتیژی، بە جێبەجێکردنی یاسای خێزان لەم جۆرە بوارانەدا، دەتوانین ڕێگری لە کۆمەڵکوژییەکان بکەین".

لەکۆتاییدا، گوتی: " تێکۆشانمان لە دژی توندوتیژی بەردەوام دەبێت. بۆنی ئازادیمان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا بە تەواوی ئازادیی خۆمان بەدەست نەهێناوە. ئێستا دەبێت کۆت و بەندەکانی کۆیلایەتی بشکێنین. پێویستە بە تەواوی کۆتایی بە توندوتیژی دژی ژنان بهێنین و بڵێین نا بۆ توندوتیژی".

ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر ژنان، دوای پرۆسەی ئامادەکاری لە ساڵی ٢٠١١،  لە ١ی حوزەیرانی ٢٠١٣ دامەزرا.