قەسەدە هێرشەکانی داعش پووچەڵ دەکاتەوە

زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی قەسەدە لە دوو مانگی ڕابردوودا هێرش و پلانەکانی چەتەکانی داعشی بۆ سەر هەرێمەکە پووچەڵ کردەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ڕایگەیاند لە میانی ١٦ ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزەکانیان لە مانگەکانی تەمموز و ئابی ڕابردوو، ٣٤ چەتەی داعش دەستگیرکراون و ٥ چەتە کوژراون.

هەروەها ڕایگەیاند لەنێو دەستگیرکراوەکان سەرچەتەی مەترسیدار هەن، کە پلانیان داڕێژاوە بۆ چەندین کردەوەی تیرۆریستی، هەروەها بەرپرسی کردەوەکانی تەقینەوە و ئامادەکردنی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لەنێو دەستگیرکراوەکاندایە.

هەروەها لە شاری ڕەقە بەرپرسێکی دارایی و پاردارکردنی چەتەکانی داعش دەستگیرکراوە، لەگەڵ چەند چەتەیەکی تر کە بەشداربوون لە کردەوە تیرۆریستییەکان دژی قەسەدە و خەڵکی هەرێمەکە.

قەسەدە ڕایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنەکاندا ٥ چەتە کوژراون، لەنێویاندا ٣ سەرچەتەی مەترسیدار، هەروەها سەرچەتەیەکی تر کە پلانداڕێژەر و بەشداربووە لە هێرشی سەر زیندانی سەناعە لە گەڕەکی غویران لە شاری حەسەکە لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢.

قەسەدە ئاماژەی بەوە کرد ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە ڕەقە و کەرامە و دێرەزۆر و مەرکەدە و سور و قامیشلۆ و حەسەکە ئەنجامدراون.