لە هێرشی دەوڵەتی تورک ٢ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شەهیدبوون

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕایگەیاند، لە هێرشی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ٢ ئەندامیان شەهیدبوون و ٨ کەس برینداربوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، پەیوەست بە هێرشەکەی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ-عامودا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند، ئەو خەڵکە سڤیلەی ویستویانە بریندارەکان ڕزگاربکەن لەلایەن فڕۆکەوە کراونەتە ئامانج.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ٢ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شەهیدبوون و ٨ کەس برینداربوون.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "داگیرکەری تورک هێرشی دڕندانەی لەسەر هەرێمەکە درێژە پێ دەدات. ئەمڕۆ، پاش نیوەڕۆ، لەسەر ڕێگەی نێوان شاری قامیشلۆ و عامودا، ئۆتۆمبیلێکی هێزەکانمانی بە فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا، ٢ هەڤاڵمان شەهیدبوون.

ئەو هاوڵاتییانەی ویستیان بریندارەکان ڕزگاربکەن، لەلایەن فڕۆکەوە کرانە ئامانج و ٨ کەس برینداربوون.

دواتر بە ڕاگەیاندراوێک زانیاری زیاتر بڵاودەکەینەوە".