ڕاپۆرتی پەرلەمانی ئەڵمانیا: تورکیا یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات
نووسینگەی خزمەتگوزاری زانستیی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات.
نووسینگەی خزمەتگوزاری زانستیی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات.
ئانالینا بایربرۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٢ و کاتێک دەوڵەتی تورک هێرشی داگیرکاری بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان دەستپێکرد، باسی لە "پاراستنی ڕەوا" کرد، کە تورکیا زۆر جار باسی دەکات، بایربرۆک ڕایگەیاندبوو، تورکیا مافی پاراستنی خۆی هەیە.
گۆکبای ئاکبولوت پەرلەمانتاری پارتی چەپ لە ئەنجومەنی فیدراڵیش وتبوی، "هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هاوشێوەی داگیرکاریی ڕووسیایە بۆ سەر ئۆکرانیایە، بەڵام بۆچی حکومەتی فیدراڵی هەمان هەڵوێست وەرناگرێت؟". حکومەتەکەی ژێر دەسەڵاتی ئۆلف شۆلز وەڵامی دایەوە وتی، "تورکیا پشت بە ماددەی ٥١ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبەستێت و مافی بەرگریکردن لە خۆی بەکاردەهێنێت".
شارەزایانی پەرلەمان: بانگەشەکانی حکومەت ڕاست نین
ئاکبولوت ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا داوای لە بەشی خزمەتگوزارییە زانستییەکانی ئەنجومەنی فیدراڵی کرد و ویستی لەوە تێبگات، کە ئایا بەپێی یاسای نێودەوڵەتییەکان تورکیا مافی ئەوەى هەیە هێرش بکاتە سەر خاکی باشوری کوردستان یان نا. لە ڕاپۆرتەکەی شارەزایانی پەرلەماندا هاتووە، لە یاسا نێودەوڵەتییەکان شوێنێک، یان خاڵێک بۆ ئەو جۆرە هێرشانەی تیادا نییە و سەروەریی عێراق پێشێل دەکرێت.
ڕاپۆرتەکەی شارەزایانی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا دەست ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)کەوتووە. ڕاپۆرتەکە لە ١٧ی ئایاری ٢٠٢٢ ئامادەکراوە و ٢٠ لاپەڕەیە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ئەو هێرشەى تورکیا بە ناوی "چنگی قوفڵ" دەستی پێکردووە، لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا هیچ شوێنێکی نییە.
ڕاپۆرتەکە ئەم خاڵانەی خوارەوەی لە خۆگرتووە:
زانیاریی میدیاکانی تورکیا بێ بنەمان: میدیاکانی نزیک لە حکومەتی تورکیا ڕایانگەیاندووە، "بەپێی زانیاری هەواڵگری، پەکەکە ئامادەکاری بۆ هێرشێکی گەورە دەکرد"، بەڵام ئەو زانیاری و دەنگۆیانە ڕاست نین و هیچ بنەمایەکیان نییە.
پەکەکە هێرشی نەکردووە: تورکیا پشت بە ماددەی ٥١ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبەستێت، بەڵام پەکەکە لە خاکی عێراقەوە هێرشی نەکردووەتە سەر تورکیا و بەو هۆیەشەوە گومانێکی زۆر لەسەر بەڵگە و ئارگۆمێنتەکانی تورکیا هەیە، چونکا لەم ساڵانەی دواییدا چالاکیەکانی پەکەکە لە ناو سنوری تورکیادا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
بوونی پەکەکەی عێراق کێشەی عێراقە: بوونی پەکەکە لە عێراق تاوەکو بۆ تورکیا نەبێتە مەترسییەکی زەق و هەڕەشە، کێشەیەکی ناوخۆییە لە عێراقدا. کاتێک تورکیا دەڵێت، "ئەگەر ئێوە لە دژی پەکەکە شەڕ نەکەن ئێمە شەڕ دەکەین" ئەوە زیان بە سەروەریی عێراق دەگەیەنێت، بۆیە تورکیا مادەی ٥١ی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکات.
تورکیا یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات
گۆکبای ئاکبولوت پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان بەرفراوانتر دەکات و وتی، "تورکیا بە هێرشەکانی بۆ سەر کورد یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات، چونکە پەکەکە ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ هێرشی چەکداریی ئەنجام نەداوە، ئەو هێرشەی تورکیا بە مانای خۆپاراستن نییە بۆ تورکیا، ئەمەش پێشتر لە ڕاپۆرتەکەی خزمەتگوزاری زانستی ئەنجومەنی فیدراڵیدا هاتووە، لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکرێت، دوای ئەم ڕاپۆرتە نابێت ئەڵمانیا چیتر پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورک بکات.
ماددەی ٥١ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان
ماددەی ٥١ی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تورکیا پشتی پێدەبەستێت بریتییە لە: هەتا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ ئاشتی و ئاسایش، ئەو وڵاتەی، کە ئەندامە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هێرشی کراوەتە سەر، مافی خۆپاراستنی هەیە. نابێت زیان بە مافی خۆپاراستن بگات. ڕێوشوێنەکان بۆ مافی خۆپاراستن بە ئەنجومەنی ئاسایش ڕادەگەیەنرێت".
ژ.ت