بە چالاکییەک لە ئیستانبوول پشتگیری مانگرتن لەخواردن کرا

ڕێکخستنی هەدەپەی ناوچەی فاتێحی ئیستانبوول بە ئامانجی خاوەنداریەتی لە چالاکی مانگرتن لەخواردنی گیراوانی سیاسی چالاکییەکی ئەنجامدا و ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕێکخستنی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە ناوچەی فاتێحی ئیستانبوول بە ئامانجی خاوەنداریەتی لە مانگرتنی گیراوانی سیاسی کە لەدژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیانپێکردووە، لە بەردەم بینای هەدەپی فاتێح ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

وێڕای بەڕێوەبەرانی ناوچە، پارلمانتارانی هەدەپە زوڵێخا گۆلۆم، چالاکانی تەڤگەری ژنانی ئازاد، ئەندامانی مەجلسی گەنجانی هەدەپە، ژمارەیەک هاووڵاتی بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد.

زوڵێخا گۆلۆم لە چالاکییەکەدا قسەیکرد و دەستنیشانیکرد کە گۆشەگیری لە ئیمڕالی دەستیپێکرد وئیستاکە هەموو بەندیخانەکانی گرتووەتەوە، دەبێت کۆتای بە گۆشەگیری بهێنرێت. گۆلۆم وتی، " بە پێی یاسای نێونەتەوەیی ویاسای تورکیاش گۆشەگیری تاوانە. لە ئیمڕالی بە بێ ڕەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان گۆشەگیری بەردەوام دەکات. ئەو سیاسەتانەی کە لە بەندیخانەکاندا پەیرەو دەکرێت کاریگەری لەسەرکۆمەڵگە داناوە وگیراوان لە دژی ئەم کردەوەیە مانیان گرتووە."

هاوسەرۆکی هەدەپەی ناوچەکە سەیران ئیپەک قسەیکرد و ئەوەی خستەڕوو کە دەسەڵاتی ئاکەپە -مەهەپە پەتای کرۆنایان وەک هەلێک بەکارهێنا وهەموو بەندیخانەکانیان گۆشەگیرکردووە. ئیپەک وتی: " گیراوانی سیاسی بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان دەستیان داوەتە مانگرتن لەخواردن. لە ١٠٠ بەندیخانەدا زیاتر لە ٢٥٠٠ بەندکراو دەستیان بە چالاکی کردووە.

دەبێت هەموو داواکاری گیراوانی مانگرتوو جێبەجێ بکرێت. دەسەڵات بەرپرسە لە دۆخی تەندرووستی گیراوانی مانگرتوودا.

ڕاگەیەنراوەکە بە وتنەوەی دروشم و چەپڵە لێدان کۆتایی هات.

ک-ش