بەرخۆدان لەبەردەم شارەوانی ئاکدەنیز بەردەوامە

لەبەردەم شارەوانی ئاکدەنیز کە لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدراوە، بەرخۆدانی گەل بەردەوامە.

هاوسەرۆکانی شارەوانی ناوچەی ئاکدەنیزی مێرسین لە پشکی دەم پارتی، هۆشیار ساری یەڵدز و نوریە ئارسەلان و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی ئەم بەیانییە لە هەڵکوتانەسەر ماڵاندا دەستبەسەرکران. پۆلیس لە بەیانییەوە بینای شارەوانییان گەمارۆداوە.

دژی دەستبەسەرکردن و گەمارۆی پۆلیس، زۆر کەس لەبەردەم بینای شارەوانی کۆبونەتەوە. ئەندامانی پارتەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی و ویستیان بچنە نێو بینای شارەوانی بەڵام پۆلیس ڕێگەی لێ گرتن.

پاش زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان گرژی دەرکەوت، ئامادەبووان درووشمی "بژی بەرخۆدانی مێرسین" و "بێدەنگ مەبە، هاواربکە نا بۆ قەیوم" و "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "قەیومی دز جێی بهێڵە" و "بژی تێکۆشانمان"یان بەرزکردەوە و گەمارۆکەیان شەرمەزار کرد.

هاوسەرۆکی لقی مێرسینی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی ئیبراهیم کایا دانانی قەیومی وەک "دەستبەسەراگرتنی ئیرادە" پێناسە کرد، جەختی کردەوە وەک پارێزەران ئەرکی بەرگریکردن لە هاوڕێ دەستبەسەرکراوەکانیان دەگرنەئەستۆ.

هێشتاش گەل لەبەردەم شارەوانی وەستاون. سەندیکای خانەنشینانی مێرسین بەشداری چالاکییەکەیان کرد، خانەنشینان تا بەردەم بینای شارەوانی بە بەرزکردنەوەی درووشم ڕێپێوانیان ئەنجامدا.