محەمەد ئەیمور یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پێشووی دەزگای سیخوڕی میت، لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تی ٢٤ باسی لە چەندین کرداری دژە مرۆڤانە و دڕندانەی ئەو دەزگایە کرد، ناوبراو بەشداریی لە چەندین تاوانی دڕندانەی دەوڵەتی تورک لە گرتن و ڕفاندن و کوشتن کردووە، بەشێک لە قسەکانی لێرەوە دەخەینەڕوو.
محەمەد ئەیمور دەڵێت: مرۆڤی ڕاستگۆ بۆ ئێمە پێویست نییە، مرۆڤی ڕاستگۆ هیچ زانیارییەکمان بۆ ناهێنێت، کاری ناشرین ناکات.
ئەیمور لەبارەی سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵیەوە وەها دەڵێت: لە ئیمرالی ئەشکەنجە هەژمار ناکرێت، چوونە ئەوێ’ئیمرالی’ خۆی ئەشکەنجەیە، هەمیشە چاو بەستراوە، لە شوێنێکی بچووک دەمێنێتەوە، بەتەنها لەوێ مانەوە’زیندانی ئیمرالی’ بەسە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی’ئایا لێدان و ئەشکەنجە لە ئیمرالی هەیە؟’ ئەیمور ڕایگەیاند’هەبوون’ ئەوەشی هێناوەتە زمان’خۆی ئەشکەنجەی زیندانیانی داوە و پەشیمانیش نییە’.
ئەو بەڕێوەبەرەی پێشووی دەزگای سیخوڕی میت باس لە هەوڵی تیرۆرکردنی ڕێبەر ئۆجالان دەکات لەساڵی ١٩٩٦ لەسوریا کاتێک تەقەمەنییەکی زۆریان دانا لەسەر ڕێگای ڕێبەر ئۆجالان لە شام’دیمەشق’ ، بەمشێوەیە باسی ئەو هەوڵە شکستخواردووەیان دەکات: “چەڤیک بییر کە ئێستا لە زیندانە، ئەوکاتە سەرپەرشتیاری هەواڵگری بوو، ئێمە تۆنێک تەقەمەنیمان وەرگرت، دوای ڕۆژێک لە ڕۆژنامەی جمهورییەت بڵاوبووەوە’میت چی لەو تەقەمەنییانە دەکات؟’ ئێمە مۆڵەتمان لەسەرۆک کۆمار وەرگرت، مۆڵەتمان لە سیاسەتمەداران وەرگرت، سەرۆکی فەرماندەیی گشتی و سەرۆک کۆماریش قبوڵیان کرد، سەرجەم زانیارییەکانمان پێشکەش کرد، باسی کارەکەمان بۆ کردن، وتیان تەواو، کەسانی سەربازیش لەناو ئەو کارەدا هەبوون، کەسانی ئەرکداری فەرمیش هەبوون کە ئێمە تایبەت ناردبوومانە ئەو شوێنە و بە نهێنی ڕۆشتبوون، ڕاستی ناتوانرێت بوترێت ئەوە سەرنەکەوت، ئێمە نەمانتوانی ئاپۆ بکوژین، بەڵام ئێمە تەقینەوەیەکی وامان ئەنجامدا کە سوریا بەتەواوی ترسا، ئەوکاتە فەرمانداری هێزی وشکانی سوریا لێدوانێکی دا و دوای ئەوەش لە سوریا ئاپۆیان دەرکرد، ئەمە بووە سەرەتای هەنگاوێکی سەرکەوتن، لەبەرئەوەی گشتی سوریا زۆر ترسان، لەو شوێنەی تەقینەوەکەی تێیدا کرا نزیکەی ١٧ مەتر زەوی قوڵ کردبوو”.
ف.ق