بەگوێرەی 'ڕۆیتەرز'ی ئەمریکی، دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا بەبڕیاری دادوەرێکی هەرێمی، بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕاگیرا، کە بڕیارەکە بریتیبوو لەوەی چیتر ڕەگەزنامەی ئەمریکی نەدرێت بەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان کۆچبەرە بەڵام خۆیان لە ئەمریکا لەدایکدەبن، دادگای باڵای فیدراڵی ئەمریکا بڕیارێکی دەرکرد کە لەمەودوا هیچ دادوەرێک ناتوانێت بڕیارەکانی سەرۆکی ئەمریکا هەڵپەسێرێت.
لەو بارەیەوە ترەمپ ڕایگەیاند، لەمەودوا دەتوانێت چەند سیاسەت و بڕیارێکی خۆی بچەسپێنێت کە پێشتر لەلایەن دادوەرانەوە ڕادەگیران و بڕیاری هەڵپەساردنیان بۆ دەردەکرا، هەروەها لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمە سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بوو، سوپاسی دادگای باڵا دەکەم بۆ ئەم بڕیارە."
ئەم بڕیارەی ترەمپ لەبارەی مافی هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای شوێنی لەدایکبوون، تەنها یەکێکە لە کۆی ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دادوەرانەوە لە سەرانسەری ئەمریکا ڕاگیراون.