چالاکیی مانگرتن بۆ ئازادیی رێبەری گەلی کورد تاوەکو دێت بەرفراوانتر دەبێت

چالاکیی مانگرتن لە زیندانەکان، مەخمور و یونان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد تاوەکو دێت بەرفراوانتر دەبێت.

چالاکیی مانگرتنی بێسنوور لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لەلایەن زیندانیانی سیاسییەوە دەستیپێکردوو و تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە. بەرخودانی زیندانەکان بە بەشداریی ١٠هەمین دەستەى مانگرتوانەوە لە ٤٦هەمین رۆژدایە.

سەرباری گوشار و هێرشەکان لە زیندانەکان بۆ سەر زیندانیان، بەڵام زیندانیان رایانگەیاندووە، تاوەکو ئەنجامیان دەست نەکەوێت درێژەبە چالاکییەکەیان دەدەن.

مەخمور

لە کامپی پەنابەرانی مەخموو لە باشووری کوردستان چالاکیی مانگرتن بە پێشەنگایەتیی ژنان بەڕێوەدەچێت.

چالاکیی مانگرتنەکە لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ لە کۆمەڵەى بنمەماڵەى شەهیدان لە مەخموور دەستیپێکردووە و لە ٢٥هەمین رۆژدایە.

یونان

لە کامپی لاڤیرۆی یۆنان چالاکیی مانگرتنی بێسنوور لە دژی گۆشەگیری لە ٨هەمین رۆژدایە.

چالاکییەکە بە پێشەنگایەتیی بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ و بزووتنەوەى ژنانی کوردستان لە ئەوروپا و لە ناوەندی رۆشنبیریی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

ژ.ت