کوردستانیان و دۆستانیان لە شاری لاهای هۆڵەندا لەبەردەم بینای ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW) کۆبوونەوە و بەکارهێنانی چەکی کیمیاییان لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و بێدەنگی نێونەتەوەیی ئیدانەکرد.
کورد و دۆستەکانیان لە چەندین شاری ئەوروپاوە رۆیشتن بۆ شاری لاهای و لە بەردەم دادگای دادپەوەریی ئەوروپا لە لاهای کۆبوونەوە و پاشان بە رێپێوان بەرەو بەردەم بینای ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW) رۆیشتن.
فاتۆش گۆکسونگور هاوسەرۆکی کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە ئەوروپا / KCDK-E) پێش دەستپێکردنی رێپێوانەکە لێدوانێکی دا و وتی: "هۆکاری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆمان، بێدەنگی و نادادپەروەریی دیوانی دادگای لاهایە، کە ئەوەش لە بنەڕەتدا بە مانای بێدەنگیی هەموو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی ئەوروپایە".
گۆکسونگور ڕایگەیاند، ئەو بێدەنگییە دەبێتە هۆی ئەوەی دەوڵەتی تورک لە کۆمەڵکوژیی کوردان بە چەکی کیمیایی بوێری بەدەستبێنێت و بێ ترس چەکی کیمیایی بەکار بهێنێت و کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات.
هەروەها ئەحمەد قەرەموس هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە دادگای دادپەروەریی ئەوروپای وت: "گەلی کوردیش پێویستی بە دادپەروەری هەیە".
قەرەموس ڕایگەیاند، گەلی کورد بە چەکێک کۆمەڵکوژ دەکرێت، کە ئەوروپا دەیفرۆشێت و وتیشی: "ئەردۆغانی دیکتاتۆر مۆدێرنترین چەک دژ بە ژن و منداڵ و پیر و بەتەمەنی کورد بەکاردەهێنێت".
چالاکوانان بە دەمامک و جلوبەرگی سپییەوە ناڕەزایی خۆیان لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەربڕی و بە بەرزکردنەوەى پۆستەر و لافیتە، بێدەنگیی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW) ئیدانە کرد.
چالاکوانان لەکاتی گەیشتنیان بۆ بەردەم ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW) رێگای هاتوچۆیان داخست و وەک ئەوەى هێرشی کیمیاییان لەدژ ئەنجامدرابێت دەستیان بە رۆیشتن، هەستانەوە و کەوتن و جموجوڵ کرد.
لە کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا پۆلیس گەمارۆی چالاکوانانی دا، بەڵام چالاکییەکە بەردەوام بوو.
هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل رەمزی کارتاڵ لەوێ قسەی کرد و وتی: "دەوڵەتی تورک لە کوردستان، زاپ، مەتینا و ئاڤاشین گازی کیمیایی و چەکی قەدەغەکراو بەکار دەهێنێت. دەوڵەتی تورک لە ماوەی ٦ مانگ و ١١ ڕۆژی هێرشەکانیدا ٣٢٥ جار چەکی کیمیایی دژی گەریلا بەکارهێناوە و بەو هۆیەشەوە ٣٣ گەریلا شەهید بوون، کە زۆربەیان گەریلای ژن بوون.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە / HPG) و بەڕێوەبەرانی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە / KCK) بانگەوازیان بۆ هەموو جیهان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، دەوڵەتی تورک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات و لە تاوانەکانی بێدەنگ نەبن. ئەوە چەندین جار لە پەرلەمانی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئەوروپا و پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپادا خراوەتەڕوو و باسی لەسەر کراوە.
لە بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا دەپرسین؛ چەکی کیمیایی دژی گەلی کورد بەکاردەهێنرێت، ئێوە چی دەکەن، بۆچی بێدەنگن؟. بەڵام ڕاستییەک چیە؟، راستییەکە ئەوەیە، کە جیهان کەڕ و کوێر و لاڵە. جیهان کێیە؟ ئەنجومەنی ئەوروپا، یەکێتیی ئەوروپا، ناتۆ و ئەمریکایە. راستی چییە؟ نادادییەک، کە سەد ساڵە بەسەر گەلی کورددا دەهێنرێت و ئەو نادادییە بەردەوامە و ئەوەش بەردەوامی پیلانگێڕی نێودەوڵەتییە".
کارتاڵ لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە سیاسەتی نکۆڵیکردن و لە ناوبردن و سڕینەوەى گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورک و بێدەنگیی دەوڵەتانی ئەوروپایی بەرامبەر ئەو سیاسەت و تاوانانەى دەوڵەتی تورک کرد و وتی، "پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە ئەنجام دەدرێت، بۆیە لە هەڵەبجە بەداوە چەکی کیمیایی بەکاردەهێنن. ئەوەی کۆمەڵکوژ دەکرێت کوردە، تورکن، هەر لەبەر ئەوەشە بێدەنگەی لێدەکەن.
لەبەر ئەو هۆکارنە بەناوی گەلی کورد و دامەزراوە کوردییەکانی ئەوروپاوە هاتوین بۆ بەردەم دادگای دادپەوەریی هالای (دێنهاگ). ئێمە وتمان، دەبێت زوڵم و نادادیی سەر گەلی کورد کۆتایی پێ بێت. ئێمە هاتووین بۆ ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW) و دەمانەوێت دەنگی خۆمانیان پێ بگەیەنین. ئیدی بەسە، بێدەنگی بە مانای ئەوەیە، کە لە دژی گەلی کوردن. ئیدی بەسە بۆ سەیرکردنی ئەو کۆمەڵکوژییانە، کە بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجام دەدرێن. ئێمە دەمانەوێت رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دەنگی گەلەکەمان ببیستێت. چەکی کیمیایی دژی گەلی کورد بەکاردەهێنرێت، کەواتە و لەبەر بەکارهێنانی چەکیی کیمیایی بڕۆن لێکۆڵینەوە بکەن و ڕاستیەکان ئاشکرا بکەن و بۆ ڕای گشتیی بخەنەڕوو.
ئێمە سوپاسی گەلەکەمان دەکەین، کە هاتوون بۆ ئێرە. بەرخۆدانەکەیان پیرۆز دەکەین. هیوادارین هەموو کەس دەنگی گەلی کورد ببیستێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە چالاکیەکانمان تا ئەو کاتەی ڕاستی دەربارەی چەکی کیمیایی دێتە ئاراوە، ئەگەریش بێدەنگی هەر بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیای هەبێت، ئەوا ئێمە وەک کوردستانیان لە ئەوروپا و دۆستانی کورد هەر درێژە ە چالاکییەکانمان دەدەین و راناوەستین. بەرخۆدان ژیانە، سڵاو لە بەرخۆدانی ئێوە دەکەم".
جەماوەری گەل بە وتنەوەی دروشم کۆتاییان بەو چالاکییەیان هێنا.
ژ.ت