دەستەیەک لە هامبورگەوە ئێشکگریی ئەم هەفتەیەی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەبەن

دەستەیەک لە شاری هامبورگی ئەڵمانیاوە چالاکیی ئەم هەفتەیەی ئێشکگریی ئازادیی بۆ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەڕێوەدەبەن.

دەسپێشخەریی ئازادی بۆ ئۆجالان لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە لە شاری ستراسبۆرگ لە فەرەنسا بۆ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستپێکردووە و چالاکییەکە لە ٤٧٢هەمین هەفتەیدایە.

بۆ بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و تێکشکاندنی گۆشەگیریی سەریان ماوەى ١٠ ساڵە ئەو چالاکییە بەردەوامە و هەموو هەفتەیەک لەلایەن دەستەیەک لە ئەوروپاوە چالاکییەکە بەڕێوەدەچێت. ئەم هەفتەیە چالاکییەکە لەلایەن دەستەیەک لە هامبورگەوە بەڕێوەدەچێت، کە پێکهاتوون لە، مەسعود گیوندار، گوڵتەن پۆڵات و ئیدریس ساڤجی.

مەسعود گیوندار بە ناوی دەستەکەوە رایگەیاند، "کاتێک من هاتم بۆ چالاکییەکە هەمان ئەو هەستەم بۆ زیندوو بوویەوە، کە رێبەرایەتی هاتبوو بۆ ئیتالیا. وەک ئەوە وابوو، کە دێم و لێرە دەیبینم، بەڵام بە داخەوە رێبەرایەتیمان ٢٢ ساڵە بە بەرچاوی دونیاوە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی نێونەتەوەیدا دیلکراوە".

مەسعود گیوندار باسی ئەوەیکرد، ئەوە ١٠ ساڵە دەیانەوێت دەنگی گەلی کورد بە دونیا بگەیەنن و وتی، "ئێمە بەو چالاکییە دوڕوویی ئەوروپامان خستەڕوو و ریسوایان دەکەین و دەیسەلمێنین، کە ئێمە ئەو پیلانگێڕییە تێکدەشکێنین. تێکۆشانێک، کە ئێمە بە دروشمی "ئێمە گەنجی دەستمان پێکرد و بە گەنجیش سەریدەخەین" بە دڵنیاییەوە بە سەرکەوتن دەگات".

گیوندار ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت گەلی کورد لە بەرامبەر گۆشەگیری، داگیرکەری و پاکتاوکاری لە دەوری تێکۆشانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و و تێکۆشانی گەریلا یەکبگرن و دەبێت لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بە هۆشمەندیی یەکێتیی نەتەوەییەوە بجوڵێینەوە.

ئێشکگریی ئازادی بۆ ئۆجالان لە هەفتەى ٤٧١دا لەلایەن رێکخراوە کوردییەکان لە ئەوروپا و نوێنەرانی رێکخراوە ئایینییەکان و چالاکوانانی بزووتنەوەى ژنانی کوردستان لە ئەوروپا بەڕێوەچوو بوو.

ژ.ت