بازرگانی و قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە لە رێگەى نووسینگەکانی گەشتیارییەوە لە هەولێر ئەنجام دەدرێت. هەروەها کارەکانی دەستخستنی ڤیزا و دروستکردنی پاسپۆرت بۆ کۆچبەرانی کوردستان لە تورکیا ئەنجام دەدرێت.
بازرگانی و قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە بۆ بیلارووس، کە لە مانگەکانی هاوینی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد، لەم رۆژانەی دوایدا بووەتە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا. کۆچبەرەکان بە هاوکاریی دەسەڵاتی لوکاشینکۆ براونەتە بیلارووس و لەسەر سنوور دانراون و زۆربەى ئەو کۆچبەرانەش کوردن. تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم ژمارەی ئەو کوچبەرانەى گەیشتبوونە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ٣٠ هەزار کەسی تێپەڕاندبوو. هەروەها ژمارەی ئەو کۆچبەرانەى، کە لە رێگەى قاچاخەوە لە بیلاروسیاوە خۆیان گەیاندبووە ئەڵمانیا، گەیشتبووە زیاتر لە ٧ هەزار کەس.
لە ئەنجامی هاوکاریی نێوان بەڕێوەبەریی بیلاروس، دەسەڵاتی ئاکەپە و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)دا لە ماوەیەکی کەم دا ئەو ژمارە زۆرە کۆچبەرە کوردە گەیشتنە ئەوروپا.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ژمارەیەکی زۆر لە نووسینگەکانی گەشتیاری لە شاری هەولێری باشووری کوردستان بە هاوکاری و لە ژێر چاودێریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)دا قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە دەکەن. رێگاشیان پێدەدرێت، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی ئاشکرا ریکلام و بانگەشە بۆ کاری قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە بکەن.
ریکلامەکانی وەک، "ئێوە ئامادەن لەگەڵ ئێمە بڕۆن بۆ بیلاروس؟ پاسپۆرتەکانتان بێنن، ئەوی تری بۆ ئێمە بەجێبهێڵن، ئێمە لە نووسینگەکانماندا ئەوانەتان چارەسەر دەکەین" بڵاودەکەنەوە. ئەو کەسانەى سەردانی ئەو نووسینگانە دەکەن بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و دەسەڵاتی ئاکەپە پاسپۆرتیان بۆ ئامادە دەکرێت. لەبەر ئەوەى بیلاروس نوێنەرایەتیی فەرمیی لە باشووری کوردستان و عێراق نییە، ڤیزا بۆ کۆچبەران لە تورکیا ئامادە دەکرێت.
لە ئیستەنبول پاسپۆرتی سوریا بۆ کۆچبەرەکان دروست دەکرێت
نووسینگەکانی گەشتیاری لە هەولێر هاوکات کاری دروستکردنی پاسپۆرتی سوری بۆ ئەو پەناخوازانەی رۆژئاوا ئەنجام دەدەن، کە پاسپۆرتیان نییە. نووسینگەکانی گەشتیاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ریکلام دەکەن و دەڵێن، "گەشتەکانمان ئامادەیە، لە کۆنسوڵخانەى سوریا لە ئیستەنبول پاسپۆرتی سوری-تان لە ماوەى ٤٨ کاتژمێردا بۆ ئامادە دەکرێت". ئەو ریکلامەش نیشانی دەدات، کە حکومەتی ئەسەدیش بەشدارە لە کۆچی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا و بیلاروس. ئەوەش جێگای سەرنجە، زۆربەى ئەو پەناخوازانەى رۆژئاوای کوردستان، کە خۆیان گەیاندووەتە ئەوروپا، لەو پەناخوازانەن، کە لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)دا بوون.
گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان، کە نەیخواست ناوەکەى ئاشکرا بکرێت، چۆنیەتیی گەیشتنی بە وڵاتی ئەڵمانیا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسکرد. ئەو گەنجە رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە کامپی دۆمیز لە نێوان زاخۆ و دهۆکدا بوون و بە هاوکاریی بەرپرسانی پەدەکە بەبێ پاسپۆرت گەیندراونەتە ئیستەنبول و لە رێگەى ئیستەنبولەوە گەیشتووەتە ئەڵمانیا. سەرباری ئەوەى، کە هێشتا تەمەنی منداڵە، بەڵام دەڵێت، هیچ رێگرییەک، یان لێپرسینەوەیەکی لە فڕۆکەخانەکاندا لەگەڵ نەکراوە، کە بۆ بەو تەمەنە منداڵە و بە تەنها کۆچ دەکات. بە پێچەوانەوە ئاسانکاریشی لە پەڕینەوەدا لە سنووری هەرێمی کوردستان تاوەکو ئیستەنبول و لە ئیستەنبولەوە تاوەکو گەیشتنی بە بیلاروس و لەوێشەوە بۆ ئەڵمانیا بۆ کراوە.
ئەو مێرد منداڵە کۆچبەرە باسی ئەوەشیکرد، بنەماڵەکەى لەگەڵ نووسینگەیەکەی گەشتیاری دا رێککەوتون و دواتر هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبووە و دوای ئەوە گەیشتووەتە ئیستەنبول پاسپۆرتە سوریەکەی بۆ ئامادە کراوە و لەگەڵ ژمارەیەکی تری کۆچبەردا بە فڕۆکە رۆیشتووە بۆ مینسک پایتەختی بیلاروس و لەوێش لە ژێر چاودێریی پۆلیسی بیلاروس دا بە پاس براون بۆ سەر سنووری پۆڵەندا.
باشوورییەکان دوو نووسینگەى گەشتیارییان لە مینسک پایتەختی بیلاروس کڕیوە
ئۆپۆزسیۆنی رژێمەکەى لوکاشینکۆ سەرۆکی بیلاروس، لە میدیای دیجیتاڵدا راپۆرتی بەرفراوان و هەواڵ لە بارەی ئەو کۆچبەرانە بڵاودەکەنەوە، کە چۆن و بە چ شێوەیەک بە قاچاخ دەگەینرێنە مینسک و ڤیزایان پێدەدرێت. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی رژێمی لوکاشینکۆ، لە ناو بەڕێوەبەریی لوکاشینکۆ دا یەکەیەک، یان ژوورێک دروست کراوە، کە کاری قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە ئەنجام دەدات. ئەو گروپە لە دروستکردن و دابینکردنی فۆرمی داواکاری تاوەکو وەرگرتنی ڤیزا تاوەکو پێشوازیکردن لە کۆچبەران لە فڕۆکەخانەکان و گواستنەوەیان بۆ سنوور، کە پاسیان بۆ ئامادە کردوون، هەموو ئەو کارانە ئەنجام دەدەن.
بۆ نمونە میدیایەکی وەک 'kyky.org' ، کە میدیایەکی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی بیلاروسە بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیاکان لە بیلاروس لە قاچاخچێتیکردن بە مرۆڤەوە رۆژانە ٧٥ هەزار یورۆ و مانگانەش ٢.٢ ملیۆن (دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار یورۆ) یورۆیان دەست دەکەوێت. ئەو ماڵپەڕە ناوی ١٢ نووسینگەى گەشتیاریی بڵاوکردووەتەوە، کە کۆچبەران بە قاچاخ دەبەن بۆ مینسکی پایتەختی بیلاروس. هەروەها تەلەفزیۆنی Belsat TV (بێلسات تیڤی) لە پۆڵەندا بڵاویکردەوە، ٢ کۆمپانیا، کە کۆچبەران بە قاچاخ دەبەن بۆ مینسک ناوەکانیان بریتییە لە 'Oscar Tour' (ئۆسکار تور) و 'Vizak' (ڤیزکا) و ئەو ٢ نووسینگەیە بە هاووڵاتییانی عێراقی، کە خەڵکی باشووری کوردستانن فرۆشراون.
دەوترێت کارمەندانی ئەو ٢ کۆمپانیایە بە ئاسانی دەتوانن لە بەشی ئاسایشی فڕۆکەخانەى مینسک دا هاتوچۆ بکەن و کاری کۆچبەران، کە لەو فڕۆکەخانەیە دادەبەزن بە ئاسانی جێبەجێ دەکەن. بێلسات تیڤی راشیگەیاندووە، بەڕێوەبەری کاروبارەکانی کۆمپانیاکە پۆلیسێکی پێشووە بە ناوی دمیتری کۆراباو (Dzmitry Korabau) و لە فڕۆکەخانە ٦ بۆ ٧ وەرگێڕی کوردی و عەرەبی کاری بۆ دەکەن. بێلسات تیڤی ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، نرخی هەر ڤیزەیەکی بیلاروس بە شێوەی ئاسایی ١٨٠ یورۆیە، بەڵام ئێستا نرخی ڤیزایەک گەیشتووەتە ٣ هەزار یورۆ، هۆکارەکەشی ئەوەیە، کە ئەو کۆمپانیایانە و نووسینگەکانی گەشتیاری و بەرپرسانی فڕۆکەخانەکان بەرتیلخۆری دەکەن و بەرتیل دەدەن و بەرتیل لەسەر حسابی کۆچبەران وەردەگرن.
کۆچبەرەکان لە مینسک بە کۆمەڵ دەگەڕێندرێن
دەزگایەکی میدیایی تری ئۆپۆزسیۆن بە ناوی Nexta TV (نێکستا تیڤی) ڤیدیۆی گەڕاندنی کۆچبەرەکان بە ناوەندی شاری مینسک دا بڵاوکردەوە. لە ڤیدیۆکاندا ئەوە دەبینرێت، کە زۆربەى کۆچبەرەکان گەنجن و بە کۆمەڵ بە ناوەندی شاردا دەگەڕێندرێن. ئەو دەزگا میدیاییە ڤیدیۆیەکی تری بڵاوکردووەتەوە، کە کەسێک بە کوردی قسە دەکات و دەڵێت، "ناترسین، ئەوە پۆلیسی بیلاروسە تەقە بە ئاسماندا دەکەن".
یەکێتیی ئەوروپا گوشار لە باشووری کوردستان دەکات و هۆشداری بە تورکیا دەدات
ئەو قاچاخچێتییە بە کۆچبەران بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ دانراو لە نێوان دەوڵەتی تورک و بەڕێوەبەریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بووەتە هۆی ئەوە، کە یەکێتیی ئەوروپا دەست بە جموجوڵ بکات. وەک یەکەم هەنگاویش بەهۆی گوشارەکانی یەکێتیی ئەوروپاوە گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و بەغدا بۆ فڕۆکەخانەى مینسکی بیلاروس راگیران. ناڕاستەوخۆش هۆشدارییان بە هێڵە ئاسمانییەکانی تورک داوە، کە لە قاچاخچێتیی کۆچبەراندا رۆڵێکی گرنگیان هەیە.
ئورسولا ڤۆن دێرلاین سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (DPA) راگەیاندووە، بۆ سزادانی هێڵی ئاسمانیی وڵاتانی سێیەم، کە رۆڵیان لە قاچاخچێتیی کۆچبەراندا هەیە، رێوشوێنی تایبەتیان بەرامبەر دەگرنە بەر. مانفرێد ڤێبەر (Manfred Weber) سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی ئەوروپا، کە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی ئەوروپایە داوایکرد، بە شێوەیەکی جدی هۆشداری بە رژێمی ئەردۆغان بدرێت. ڤێبەر وتی، "ئەگەر ئەردۆغان رێگا بە گەشتی کۆچبەران لە تورکیاوە بەرەوە بیلاروس دەدات و رێگایان بۆ دەکاتەوە تاوەکو لەو رێگەیەوە هەڕەشە لە یەکێتیی ئەوروپا بکات، ئەوا دەبێت بە شێوەیەکی توند و وشک و ئاشکرا وەڵامی ئەو کارەى بدرێتەوە".
خەڵکی باشووری کوردستان باجی سیاسەتە هەڵەکانی پەدەکە دەدات
پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، کە هەموو کات لە خزمەتی سیاسەتە دژە مرۆیی و کوردکوژی و پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردایە، لە کۆچپێکردنی گەنجانی کوردان بۆ رێگای سەختی کۆچبەری رۆڵی سەرەکیی هەیە.
لە باشووری کوردستان سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵات بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ماوەى ئەم چەند ساڵەی رابردوو بووە هۆی ئەوەى گەنجان زۆر بە توندی رەخنە لە دەسەڵاتی پەدەکە بگرن. تاوانەکانی وەک داخستنی پەرلەمان، رێگریکردن لە نووسینەوەى دەستوور، هەموارنەکردنەوەى یاسا و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، رادەستکردنی شەنگال، پاشەکەوتکردن و لێبڕینی مووچەى هاووڵاتییان، دابین نەکردنی سوتەمەنی لە زستاناندا، قەیرانەکانی غاز، ئاوی خواردنەوە، بەنزین، بێکاری، گرانی و دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆکاکان، لەگەڵ ئەوانەشدا ئەنجامدانی ریفراندۆم و رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر و بە دوای ئەوەشدا هێنانی سوپای تورک و هاوکاریکردنی ئەو سوپا داگیرکەرە بۆ کوردکوژی و لە ناوبردنی خاک و خەڵک و بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان بوونە هۆی ئەوە، کە گەنجان و گەل بە تەواوەتی متمانە لە دەسەڵات بستێننەوە لە دوایین هەڵبژاردندا رێژەى بەشداری لە خوار سەدا ٥٠ بوو و نزیکەى سەدا ٢٠ی دەنگدەرانیش دەنگەکانیان سوتاند و بەوەش گەورەترین ناڕەزایەتیی مەدەنییان بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە خزمەتکارەی داگیرکەران نیشاندا. ئێستاش بەهۆی دەرەنجامەکانی ئەو سیاسەتە هەڵەیانەدا گەنجان بە ناچاری رێگای کۆچ دەگرنە بەر و دەیان گەنج و خێزان بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵانەى دەسەڵات و بە تایبەتی پەدەکەوە لە ناو چوون.
ژ.ت