هەدەپە یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی زیلانی کردەوە
بەڕێوەبەریی هەدەپە یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی زیلانی کردەوە و رایگەیاند، "ئەو سیاسەتە، کە لە زیلان بووە هۆی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی ئەمڕۆ لەلایەن ئاکەپەوە بەڕێوەدەبرێت".
بەڕێوەبەریی هەدەپە یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی زیلانی کردەوە و رایگەیاند، "ئەو سیاسەتە، کە لە زیلان بووە هۆی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی ئەمڕۆ لەلایەن ئاکەپەوە بەڕێوەدەبرێت".
دەستەى بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) بە بۆنەى ساڵیادی کۆمەڵکوژیی زیلانەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، ٩١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی زیلان دا تێدەپەڕێت، کە یەکێک لە ئەنجامەکانی گوشار، زۆرداری و توندوتیژیی کۆمارە لە دژی داواکانی گەلی کورد.
هەدەپە رایگەیاند، ژنان، منداڵان و بە تەمەنەکان و بە گشتی دەیان هەزار مرۆڤ لەو کۆمەلکوژییەدا کوژران و هێشتا وەک یەکەم رۆژ لە بیر و یادی گەلی کورددایە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "٤٤ گوند سوتێنران و بۆ چەندین رۆژ رووباری زیلان خوێنی قوربانییانی لەبەر دەڕۆیشت. ئەوانەشی لە کۆمەڵکوژییەکە رزگاریان بوو، بە زۆر ناچار بە کۆچبەری کران و دەست بەسەر ماڵ و موڵکیان دا گیرا. دەسەڵاتی ئەو سەردەمە بۆ ئەوەى سەربازەکان، جاش و جەردەوانەکان، چەکدار و میلیشیاکان و بکوژە مەدەنییەکان وەک بەرپرسیاری ئەو کۆمەڵکوژییە سزا نەدرێن و لە هەر جۆرە سزادانێک پارێزراو بن، یاسای بۆ دەرکردن و ئەوەش بووە هۆی روودانی کۆمەڵکوژی نوێ و دیکە. سیاسەتی نکۆڵیکردن و لە ناوبردن، کە لە زیلان بووە هۆی روودانی کۆمەڵکوژی ئەمڕۆ هەمان ئەو سیاسەتە لەلایەن ئاکەپەوە بە شێوازی جۆراجۆر بەڕێوەدەچێت".
لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی رووناک و دیموکراتیکی گەلان، دەبێت حساب و لێپرسینەوە بکرێت لە کۆمەڵکوژیی زیلان و هەموو ئەو ژان و ئازارەی بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژییە روویانداوە و ئاماژە بەوەشکراوە، "ئێمە بە رێزەوە یادی ئەو دەیان هەزار کەسە رادەگرین، کە ژنان و منداڵان و کەسانی بە تەمەنیان لە ناودا بوو و لەو کۆمەڵکوژییەدا کرانە قوربانی و لە یادیان ناکەین. کۆمەڵکوژی و ئازارەکانی سەر ئەم خاکە پاساو و هۆکارمانە بۆ ئافراندنی وڵاتێکی ئازاد و دیموکراتیک. بۆ ئەوەی بەرپرسیارانی کۆمەڵکوژی لە بەرامبەر مێژوودا ئیدانە بکرێن و سزا بدرێن، ئێمە درێژە بە تێکۆشانەکەمان دەدەین".
ژ.ت