هەپەگە: فەرماندە عەگید شەڤگەر شەهید بوو

هەپەگە رایگەیاند، عەگید شەڤگەر ئەندامی فەرماندەیی ئەیالەتی ئامەد شەهید بووە. راشیگەیاند، "بووە فەرماندەیەکی ئازاد و جەنگاوەرێکی نمونەیی ئاپۆیی و یەکێک لە سیبمولەکانی شۆڕشگێڕانی ئامەد".

راگەیاندراوی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەوبارەیەوە:

"لە ١٨ی ئایاری ٢٠٢١دا لە دەورووبەری گوندی بانێ دێران لە ناوچەى لیجەى ئامەد، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەستی بە ئۆپراسیۆن کرد. لە ئۆپراسیۆنەدا لە دوای روودانی شەڕێکی قورس، بۆردومانێکی چڕ ئەنجامدرا، عەگید شەڤگەر ئەندامی فەرماندەیی ئەیالەتی ئامەد و هاورێ ئارمانج جودی شەهید بوون. زانیاری لەبارەی ناسنامەى هاوڕێمان ئارمانج جودی کاتێک بەردەست بوو بۆ گەلەکەمان و رای گشتیی بڵاوی دەکەینەوە.

زانیاری لەسەر ناسنامەى هاوڕێمان عەگید شەڤگەر:

نازناو: عەگید شەڤگەر

ناو و پاشناو: ئایدن شیمشەک

شوێنی لە دایکبوون: ئامەد

ناوی دایک و باوک: هوسان -  نوری

کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٨ی ئایاری ٢٠٢١ / ئامەد

هاوڕێمان عەگید لە پایتەختمان ئامەد، کە قەڵای بەرخودانی ئەفسانەیی مێژووی کوردستانە، لە ناوچەى بسمل لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز و ناسراودا لە دایکبوو. لە کاتێکدا بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان بە کۆمەڵایەتی بوو و گەلەکەمان لە دژی داگیرکەریی وەستایەوە و راپەڕینی ئەنجامدا، حیزبەکەمان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی ناسی. لە کاتێکدا، کە گەنجانی کوردستان پۆل پۆل بەرەو ناو ریزەکانی بەرخودان دەڕۆیشتن، هاوڕێمان عەگید لە ناو کاری گەنجاندا کاری دەکرد و بۆ ئەوەى گەنجانی کوردستان ببنە خاوەنی هۆشمەندییەکی نەتەوەیی رەنجێکی زۆری دا.

لە قۆناغی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە ساڵی ١٩٩٨دا، کە لە دژی رێبەرمان ئەنجامدرا، بۆ خاوەنداریکردن لە رێبەرایەتی و بەڕێوەبردنی تێکۆشانی رادیکاڵانەتر لە دژی پیلانگێڕان، بەشداری ناو ریزەکانی گەریلا بوو. لەو رۆژەوە بەشداری ناو ریزەکانی گەریلا بوو لە هەموو روویەکەوە خۆی پێشخست و خۆی شارەزاتر و کارامەتر کرد و لە هەموو شوێنێکدا بە کردار و هەڵوێستی جەنگاوەرانەی بووە فەرماندەیەکی پێشەنگ.

لە ئامەد بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو و ساڵانێکی دوور و درێژ لەو ناچەیەدا گەریلایەتیی کرد. بە باڵادەستیی خۆی لە ناوچەکە و بە ئەزموونەکانی خۆی لە هونەری گەریلایەتیدا لە ئاستی پێشەنگایەتیدا بەشداریی لە ژمارەیەکی زۆر چالاکی لە دژی داگیرکەریی تورک کرد. ئەو سیستمە داگیرکەرییەی دوژمنی سەروبنکرد، کە دوژمن بە تایبەتی دەیخواست لە ئامەد بیچەسپێنێت.

دوای مانەوەى بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ لە ئامەد ساڵی ٢٠٠٩ گەیشتە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و لەوێ بەشداری پەروەردەی ئایدۆلۆژیک بوو و زیاتر شارەزای ئەرکە گرنگ و هەستیارەکانی بوو، بووە کەسایەتییەک، کە تێگەیشتن و هەڵوێستی رێکخستنیی بووە نمونە بۆ هەموو هاوڕێکانی. لە باشووری کوردستان بە قوڵبونەوەی زۆر گەورە و قوڵەکەى، لە کردار و پراتیکی پێشووی، وانەى زۆر گەورە و گرنگی وەرگرت. بۆ ئەوەى ببێتە وەڵامدەری هێرشە پاکتاوکارییەکانی داگیرکەریی تورک لە دژی گەلەکەمان، بە پێداگرییەوە خواستی بڕوات بۆ ئامەد و لەوێ ئەرکەکانی خۆی جێبەجی بکات و ئەو خواستەی خۆی بە جێهێنا.

لە ئامەد، کە منداڵی، گەنجێتی و پراتیک و کاری مەیدانیی گەریلایی تیادا دەستپێکردبوو، ئەمجارە بە ئەرکی ئەندامێتی لە فەرماندەیی ئەیالەتی ئامەددا گەڕایەوە بۆ ئامەد. بە هۆشمەندی و بەرپرسیاریی خۆی بەشداری کار و ئەرکەکان دەبوو، لە دژی سیاسەتی پاکتاوکارانەی دوژمن، کە لە کوردستان و بە تایبەتی دەیخواست لە ئامەد جێبەجێی بکات، بۆ تێکشکاندنی ئەو سیاسەتە رۆڵێکی گرنگی گێڕا.

هاوڕێمان عەگید بە هەڵوێستی خاکییانەى خۆی، دروست و لە ناخی دڵەوە، بە کەسایەتیی زەحمەتکێشانە و فیداکارانەى خۆی لەلایەن هەموو هاوڕێکانییەوە بووە کەسێکی زۆر خۆشەویست و بووە جێگای شکۆ و شانازی. بووە فەرماندەیەکی ئازای بێ هاوتا و جەنگاوەرێکی نمونەیی ئاپۆیی و یەکێک لە سیمبولەکانی شۆڕشگڕانی ئامەد. بە هاوڕێیەتیی خۆی لە ناخی دڵ و فەرماندەیی پێشەنگانەی، هەموو کات لە لایەن هاوڕێکانییەوە وەک نمونە سەیر دەکرێت و بە گەورەکردن و سەرخستنی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دەبێتە ناوی ئەو بەڵێن و پەیمانەى، کە بە شەهیدانمان داوە. خەڵک و گەنجانی ئامەد بە دڵنیاییەوە دەبنە درێژەپێدری رێگای عەگیدەکان و تێکۆشانەکەى هەموو کات بەردەوام دەبێت و چەکەکەى لەسەر عەرز نامێنێتەوە و بە دڵنیاییەوە رێگای ئازادیی بە ئافراندن و بە هەزاران عەگید سەردەخەن.

لە پێش هەموانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەى شیمشەکی هێژا دەکەین، کە قارەمانێکی بەو جۆرەیان بۆ تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەمان گەورە کرد، ئێمە سەرەخۆشی لە هەموو خەڵکی ئامەد و گەلی کوردستانی وڵاتپارێز دەکەین".

ژ.ت