بە دیمەن

هێرشی سەر چاپەمەنی ئازاد لە ئەوروپا شەرمەزارکرا

دژی تیرۆری دەوڵەت بۆ سەر خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد و چاپەمەنی کورد، لە چەند شارێکی ئەوروپا گەل ڕژایە شەقامەکان و پەیامیان دا "دەستتان لە مەدیا خەبەر و ستێرک تیڤی دووربخەنەوە" و "ناتوانن دەنگمان ببڕن".

هێرش بۆ سەر چاپەمەنی ئازاد

لەسەر بانگەوازی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیکی کوردی ئەوروپا (کەجەدە-ئە) بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی سەر گەلی کورد و هێرشی سەر چاپەمەنی ئازاد، لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا چالاکیان ئەنجامدا.  

شتوتگارت

بە پێشەنگایەتی دەکتەم، کوردستانیان و دۆستەکانیان لەبەردەم کونسوڵخانەی بەلژیکا لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا کۆبوونەوە، ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر هێرشەکانی پۆلیسی بەلژیکا و فەرەنسا.

هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی شتوتگارت، مەسعود داگهان ڕایگەیاند ئەرۆدگان بۆ دۆزینەوەی هاوکاری لەپێناو قڕکردنی گەلی کورد، وڵات بە وڵات گەڕاوە، فشاری سەر کوردانی ئەوروپا بەشێکە لەو سیاسەتە.

هەروەها جەختی کردەوە، هێرشەکە تەنها بۆ سەر چاپەمەنی ئازاد نییە، بەڵکو دژی تەواوی گەلی کوردە.  

هەروەها لەسەر ناوی کۆنفیدراسیۆنی جڤاکی کوردستانیان لە ئەڵمانیا (کۆن-مەد) داوا لە بەرپرسانی بەلژیکا کرا دەست لە ڕێبازی نادیموکراتیک هەڵبگرن.

ڤیەنا

دژی هێرشی سەر مەدیا خەبەر و ستێرک تیڤی، لە شاری ڤیەنای پایتەختی نەمسا چالاکییەک ئەنجامدرا.

لە چالاکییەکەدا هاوسەرۆکی دەکتەم، ئەحمەد زیرەک ڕایگەیاند دوێنێ دوژمنی کورد ئەردۆگان چووە سەردانی پەدەکە، لە مەتینا ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری دەستی پێ کردووە، لە تورکیا ڕۆژنامەوانان دەستگیر دەکرێن، ئەمڕۆش لە ئەوروپا هێرشدەکرێتە سەر چاپەمەنی ئازاد، بەگوێرەی ڕاگەیاندنەکان فەرەنسا دەستی لە هێرشەکەدا هەیە، هەر لە فەرەنساش ٦ کەس دەستبەسەرکراون، گوتی: "بۆیە ڕێکخەری پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی هەر تورکیا نییە، بەڵکو ئەوروپا و ناتۆیە. دەیانەوێت بێدەنگمان بکەن. بەڵام بێدەنگ نابین، هەرگیز ئەمە قبوول ناکەین. وەک چۆن گەریلاکانی ئازادی کوردستان تێدەکۆشن، ئێمەش لە ئەوروپا درێژە بە تێکۆشان دەدەین".

پاشان دۆسیەیەک دەربارەی ڕووداوەکانی بەلژیکا ڕادەستی کۆنسوڵخانەی بەلژیکا کراوە و داواکرا واز لە تاوانبارکردنی کوردان بهێنێت.

فرانکفۆرت

کوردستانیان لەسەر بانگەوازی فەجەدەکە-کاوە و تەژەکە-ئە کۆبوونەوە و هێرشی سەر چاپەمەنی ئازادیان شەرمەزار کرد.

هاوسەرۆکی فەجەدەکە-کاوە، محەمەد چۆپان ڕایگەیاند ئەم هێرشە دانەبڕاوە لە هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، گوتی: "ناتوانن بێدەنگمان بکەن، هەرگیز ئەمە قبووڵ ناکەین".

لیماسۆل

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شاری لیماسۆلی قوبرس ڕێپێوانیان کرد و هێرشکردنە سەر ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەریان شەرمەزار کرد.

لە ڕێپێوانەکەدا پانکارتەکان بە لۆگۆی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر و پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرزکرایەوە، لەسەر ڕێگەی ڕێپێوانەکە بڵاوکراوەکان دەربارەی هێرشەکە دابەشکرا.

لەبەردەم شارەوانی لیماسۆل ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە و ڕاگەیاندراو بە زمانی ئینگلیزی خوێنرایەوە.

هامبۆرگ

هێرشکردنە سەر ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا شەرمەزار کرا.

لە چالاکییەکەدا کوردستانیان و دۆستەکانیان گوتیان: "دەستتان لە ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر دووربخەنەوە".

لە پارتی کۆمۆنیستی ئەڵمانیا ئانجا فلاخ ڕایگەیاند هێرشەکەی بەلژیکا هاوکاتە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر مەتینا.

پەرلەمانتاری پێشووی دای لینکەی ئەڵمانیا، مارتین دۆلزەر ڕایگەیاند کوردەکان بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورک کۆچیان بۆ ئەوروپا کردووە و لە ئەوروپاش ڕووبەڕووی سیاسەتی تاوانبارکردن دەبنەوە، هەروەها ڕایگەیاند هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی بەلژیکا، لە فەرەنساش هێرشی پۆلیس بۆ سەر کوردەکان پێکهات، هەردوو هێرشەکەش پێکەوە گرێدراون.

ئەسینا

لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی پۆلیس و هەڵکوتانەسەر مەدیا خەبەر و ستێرک تیڤی، هەروەها دژی هێرشەکەی پۆلیسی فەرەنسی بۆ سەر ماڵەکانی ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد لە درانسی، ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.

بە پێشەنگایەتی دەکتەم، کوردستانی و دۆستەکانیان و دەسپێشخەریی Riseup4Rojava (لەپێناو ڕۆژئاوا ڕاپەڕە) بەشداری چالاکییەکە بوون.

جەماوەر تا بەردەم کونسوڵخانەی بەلژیکا ڕێپێوانیان کرد و جاروبار لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە ئاستەنگ دەکران، بەڵام گەیشتنە بەردەم کونسوڵخانەکە.

لە چالاکییەکەدا بە زمانی کوردی و تورکی و یۆنانی درووشمەکانی "فاشیست بەلژیکا" و "فاشیست فەرەنسا" و "فاشیست تورکیا" و "بژی بەرخۆدانی مەتینا"یان بەرزکردەوە.