خوێندکاران بە بەهێزی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتدا بەشدارن

تادێت خۆپیشاندانەکان بە دروشمی 'ژن ژیان ئازادی' لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەورە دەبن. خوێندکاران لە ماوەی رابردوودا بە بەهێزی پێشەنگایەتیان بۆ چالاکییەکان کردووە و تیایدا بەشدارن.

خۆپیشاندانەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەسەر دەستی 'پۆلیسی ئاکاری'ی دەوڵەتی ئێران بە پاساوای ئەوەی قژی بەدەرەوە بوو، دەستیان پێکرد و بە دروشمی 'ژن ژیان ئازادی' گۆڕدران بۆ راپەڕینی خەڵکی ناوچەکە. لەو چوارچێوەدا لەو رۆژەوە تائێستا مانگێکی تێپەراندووە. لە هەموو توێژ و پێکهاتەکان بەشدارن لە چالاکییەکان و داوای ئازادی دەکەن.

لە شاری شیراز پزیشکەکانیش پشتیوانیان بۆ خۆپیشاندانەکان راگەیاند.

خوێندکاران لە زانکۆکانی خواجە نەسیر، ئیسلامشەهر، ئازاد، دیزفول و زانکۆکانی تاران بە وتنەوەی دروشم رژانە شەقامەکان.

خوێندکارانی زانکۆی ئازادی هەمەدانیش بەشداریان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد.

لەشاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندکارانی کچ بە دروشمی 'ژن ژیان ئازادی' خۆپیشاندانیان کرد.

شەوی رابردوو بەتایبەتی لەشارەکانی تاران، بەندەرعەباس و زاهیدان بە شێوەی جیاجیا چالاکی ئەنجامدران.

لە مەریوان، دیواندەرەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش چەندین خوێندنگە بەشداریان لە مانگرتندا کرد، خوێندکاران بۆ ئەوەی پشتیوانی لە چالاکییەکان بکەن نەچوونەوە بۆ خوێندنگە.

لەلایەکی ترەوە خوێندکارانی ئامادەیی لە بەلوچستانیش دەوڵەتی ئێرانیان شەرمەزار کرد، دروشمی 'ژن ژیان ئازادی"یان وتەوە.

لە شەودا هاوڵاتیان لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان رژانە شەقامەکان و هەڵوێستی خۆیان لە دژی رژێم نیشاندا.

هـ . ب