کەنەکە: جەژنی بەرخۆدان، جەژنی ئازادی، نەورۆز پیرۆز بیت

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکەى کەنەکە:

جەژنی بەرخۆدان، جەژنی ئازادی، نەورۆز پیرۆز بیت

لە مێژووی کوردستاندا، هەمیشە نەورۆز جێگایەکی دیاری هەیە. نەورۆز رۆژی بەرخۆدانە، رۆژی سەرهەڵدانە، رۆژی سەرکەوتنە بەسەر ستەمدا. نەورۆز جەژنی ئازادییە. نەورۆز لەسەر بنەمای تێکۆشان لەدژی ژێردەستیی هاتۆتە کایەوە. نەورۆز لە دژی ستەمکاری، داگیرکاری و هەموو شێوازەکانی ژێردەستی، بووە بە سومبوڵی ئازادی.

ئەمرۆ گەلی کوردستان بە تێکۆشان و رەنج و قوربانیدان، نەورۆزی کردۆتە رۆژی شادییەکی جەماوەری و رۆژی بەرخۆدان. بەو تێکۆشان و قوربانیدانەش، لە ئاستی نێونەتەوەییدا نەورۆزی کردۆتە جەژنێکی کوردان. خەڵکی کوردستان لە سەرانسەری کوردستان و دەرەوەی ولات هەموو ساڵێک بە ناوەرۆک و ئامانجە مێژووییەکەیەوە بۆ رزگاری و ئازادی، نەورۆز پیرۆز دەکەن. گەلی کورد لە شارو گوند و زیندان و هەموو کایەکانی ژیاندا، نەورۆزی کردۆتە سەنگەری تێکۆشان بۆ ئازادی و رزگاری.

ئێستا لە سەرانسەری کوردستاندا ئاگری نەورۆز بەگوڕ و تین ترە. لە باشورو رۆژاوای کوردستان بە فەرمی پیرۆز دەکرێت. لە رۆژهەڵات و باکوری کوردستانیش، سەرەڕای هەموو ئاستەنگیەکان، خەڵکی کوردستان  نەورۆز بە واتای خۆیەوە پیرۆز دەکەن و ئاگرئ نەورۆز بە گوڕتر هەڵدەکرێت.

ئێمە بە نەورۆز ساڵێکی نوێ دەست پێدەکەین. ساڵی رابردوو بە هەموو شێوازێک ساڵی تێکۆشان بوو. شەش مانگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان و بە درووشمی " ژن، ژیان، ئازادی " سەرهەڵدانێکی مەزن بەڕێوەدەچێت. لە باکور و رۆژاوای کوردستان کارەساتێکی مەزنی زەوی لەرزە روویداو دەیان هەزار مرۆڤ ژیانیان لەدەست داو بە ملیۆنان مرۆڤیش زیانیان پێکەوت. سەرڕای ئەو دۆخەش دوژمنانمان لە هێرشەکانیان بەردەوامن.

لە ئێستاوە دیارە کە ئەمساڵ دەبێتە ساڵی تێکۆشانی مەزن. دوژمنانی ئێمە لە زۆر لاوە هێرش دەکەن. بە تایبەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی ئێمە لە باشورو باکور و رۆژاوای کوردستان، خەریکی هێرشی بەردەوامە. دەوڵەتی ئێرانیش بە هەموو شێوازێک گەلی و چالاکوانانی ئێمەی کردۆتە ئامانج. هەرچەند باشووری کوردستان پێگەیەکی فەرمی هەیە، بەڵام بەگشتی لە دۆخێکی باشدا نییە، دۆخی ناوچە دابڕیندراوەکان خراپە. دوژمنان بۆ تێکدانی ئەو پێگەیە لە کاردان و خەریکی پیلان گێڕانن. لە رۆژاوای کوردستانیش داگیرکاری و هێرشی دەوڵتی تورکیا بەردەوامن. رژێمی سوریاش چاوەڕێی دەرفەتە. دەیەوێت دەستکەوتەکانی گەلی رۆژاوای کوردستان لەناو ببات.

هەروەها ئەمساڵ، ساڵیادی پەیمانی لۆزانە. دوژمنان دەخوازن سەد ساڵی دیکەش قەوارەی پەیمانی لۆزان بەسەر ئێمەدا بسەپێنن. ئێمەش دەمانەوێت ئەو بەرگی لۆزانەی بەزۆر بە بەری ئێمەدا کراوە، بیدڕێنین وپارچە پارچەی بکەین. پێویستە ئێمە لە دژی پەیمانی لۆزان، ئەمساڵ بکەینە ساڵی یەکڕیزی و یەکێتی ناوخۆییمان بەهێزتر بکەین.

ئەم بارودۆخە ئەرکێکی زۆر دەخاتە سەر شانی ئێمە. پێویستە لەبەرامبەر هەموو داگیرکاراندا تەگبیری خۆمان بکەین. پێویستە هێزی پاراستن بەهێزتر بکەین. پێویستە هێرشی دوژمنان تێکبشکێندرێن. پێویستە دەستکەوتەکان بپارێزرێن و  دەستکەوتی نوێ بەدەست بێنین. بۆ هەموو ئەم ئەرکانەش پێویستە سەرەتا یەکڕیزی ناوماڵی کوردان بێتە دی و یەکێتی نەتەوەیی بەهێز بکرێت. پێویستە ئەمساڵ بکەینە ساڵی ئازادی.

ئێمە لە دۆخێکی ئاوادا پێشوازی لە نەورۆز دەکەین. نەورۆز بە واتای خۆی و بە روحی بەرخۆدان پیرۆز دەکەین. ئێمە داوا لە گەلی خۆمان دەکەین و دەڵێین: وەک هەر ساڵێک بچنە مەیدان و کۆڵانان و بە واتاو روحی بەرخۆدان  نەورۆز پیرۆز بکەن.

پێویستە لەم قۆناغە گرنگەو لە پڕۆسەی تێکۆشان بۆ ئازادی و رزگاری کوردستان، نەورۆز ببێتە رووناکیەکی گەش  و تەبایی و یەکێتی نەتەوەیی کوردستان.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەم بیروباوەڕ و  رۆحەوە، نەورۆز بە دڵگەرمی نەتەوەیی و نیشتمانی لە هەموو کوردستانیان پیرۆز دەکات.

کات کاتی بەهێزکردنی بەرخۆدانە

کات کاتی ئازادییە

نەورۆز پیرۆز بێت

ژ.ت