کەسکین بایندەر: نابێت دەسەڵات بە خەمساردییەوە نزیکی بانگەوازییەکە ببێتەوە

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە کەسکین بایندەر بانگەوازی لە دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و کۆمەڵگە کرد کە لە دوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.

هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) کەسکین بایندەر سەبارەت بە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) هەڵسەنگاندنی کرد.

بایندەر ئاماژەی بەوەدا ڕێبەر ئاپۆ ئیرادەیەکی بە هێزی نیشان داوە و گوتی: "لە دوای بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی بەڕێز ئۆجالان کە لە ٢٧ی شوبات کردی، ئەمڕۆش بە هەمان ئیرادە و هیوا لە ڕێگەی بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتییدا جارێکی دیکە ئیرادەیەکی بە هێزی نیشان دا.

یەکێک لە بنەماکانی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان ئەوەیە کە جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەت دان بە بۆشاییەکدا نانێت. ئەم بۆشاییە دەتوانرێت بە تێگەی سیاسەتی دیموکراتیک پڕ بکرێتەوە. بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی سەربکەوێت دەبێت سیاسەتی دیموکراتیک دابمەزرێت."

'هەوڵدانی بۆ ئاشتی بە فرەلایەنی دەکرێت'

لە بەردەوامی قسەکانییدا کەسکین بایندەر ئاماژەی بەوەشدا کارکردن بۆ ئاشتی تەنها ئەرکی یەک لایەن نییە و دەبێت فرەلایەن بێت و گوتی: "بەرپرسیارێتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە. ئەمڕۆ لە پێش ئەم ئیرادەی چارەسەرییەدا دەبێت هەموو ئۆپۆزسیۆنە سیاسییەکان و کۆمەڵگە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەمەش وەک ئەرکێکی مێژووی ببینن."

'نابێت دەسەڵاتی سیاسی بە خەمساردییەوە مامەڵە بکات'

لە کۆتایی قسەکانییدا کەسکین بایندەر ئاماژەی بەوەدا کە نابێت دەسەڵاتداری سیاسی بە خەمساردییەوە نزیکی بانگەوازەکە ببێتەوە و هەموارکردنەنەوەی یاسایی پڕۆسەکە جێبەجێ بکات.

بایندەر گوتی: "بە تایبەتی دەسەڵاتداری سیاسی نابێت لە ئاست بانگەوازی چارەسەری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالاندا خەمسارد بێت. بە ناوی بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی ئەم بانگەوازە کراوە و دەبێت وەڵام بدرێتەوە، هەنگاوی ڕوون بنرێت. هەربۆیە یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان کە دەبێت بنرێت مسۆگەرکردنی  پڕۆسەکە بێت. دەبێت پرۆسەکە بە هەموارکردنەوەی یاسایی و دەستووری بە دامەزراوەیی بکرێت. هەموو دینامیکە سیاسی و کۆمەڵگەییەکان دەبێت ببنە بەشێک لە پڕۆسەکە. بونیاتنانی ئاشتی و خولقاندنی زەمینەیەکی پێکەوە ژیانی تەواوی کۆمەڵگە، بەرپرسیارێتی هاوبەشی هەموومانە. ئەم بانگەوازە لە هەمانکاتدا بانگەوازی جێبەجێکردنی ئەرکی 'خزمەتکردن بۆ ئاشتی' و هەموو دینامیکە سیاسی و کۆمەڵگەییەکانە."