کۆتایی ئەم مانگە بەشی یەکەمی ڤاکسێنی کۆرۆنا دەگاتە عێراق

وەزیریی تەندروستیی عێراق ڕاگەیاند: "کۆتایی ئەم مانگە بەشی یەکەمی ڤاکسێنی فایزەری دژە کۆرۆنا دەگاتە عێراق".

عێراق وادەی گەیشتنی ڤاکسێنی دژە کۆرۆنای دیاریکرد و هاوکات ئەو توێژانەی ئاشکرا کرد،  کە سەرەتای هەڵمەتەکە کوتانی ڤاکسێنەکەیان بۆ دەکرێت.

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "کۆتایی ئەم مانگە یەکەم بەشی ڤاکسێنی دژە کۆرۆنا دەگاتە عێراق".

هاوکات حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستیی عێراق ڕاشیگەیاند: "بە گەیشتنی ڤاکسێنەکە هەڵمەتی کوتان دەست پێدەکات و لە قۆناغی یەکەمدا، کوتانی ڤاکسینەکە بۆ کارمەندانی تەندروستی و کارمەندانی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان و میدیاکاران و کەسانی سەرووی تەمەن ٥٠ ساڵ و خاوەنی نەخۆشی درێژخایەن دەکرێت."

وەزیری تەندروستی روونیشی کردەوە: "لە بەشی یەکەمدا بڕی ٣ ملێۆن و نیو ڤاکسین دەگاتە عێراق."

حکومەتی عێراقێش گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی واژوو کردووە بۆ کڕینی ڤاکسینی دژ بە پەتای کۆرۆنا.

ژ.ت