کوردستانیان لە ئەڵمانیا خۆیان ئامادە دەکەن، کە لەگەڵ دۆستەکانیاندا ئەمریکا ئیدانە بکەن، کە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بێدەنگە. بۆ ئەوەش سبەی چوارشەممە ٢٨ی تەممووز لە کاتژمێر ١١:٠٠ دا لە بەردەم باڵیۆزخانەى ئەمریکا چالاکییەکی جەماوەری رێکدەخرێت. چالاکییەکە بە دروشمی "ئەمریکا؛ نەبە بە هاوبەشی پاکتاوکردنی گەلی کورد و داگیرکردنی کوردستان" بەڕێوەدەچێت.
کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵگەی کوردستانییان لە ئەڵمانیا (کۆن مەد / KON-MED) و فیدراسیۆنی کوردستانیانی ئازاد لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا (فەد – کورد / FED-KURD) بە بڵاوکردنەوەى راگەیاندراوێکی هاوبەش داوای بەشداریکردنیان لە چالاکییەکەدا کرد.
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دەوڵەتی تورک لە ٢٣ی نیسان دا هێرشی کردە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و راشیگەیاندووە، "بە رێککەوت نییە، کە ئەو هێرشە لە دوای پەیوەندییەکەى تەیب ئەردۆغان و بایدن دەستیپێکرد. ئەمریکا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی گەلێکی خستووەتە ناو پاکتاوکردنەوە و رێگای بە دەوڵەتی تورک دا هێرش بکاتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. تاوەکو ئەو راستییە نەبینرێت، نە هێرشەکان ئەنجام دەدرێن و نە جوڵە و دیدی پاکتاوکاریش لە دژی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد بەڕێوەدەچێت".
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە کەسایەتیی بزووتنەوەى ئازادیی کورددا هێرش لە دژی هەبوونی کوردان بەڕێوەدەچێت و ئاماژە بەوەشکراوە، "لەبەر ئەوەش هێرشەکان بەرفراوان و مەترسیدارن. کورد و کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر لە ناو مەترسیی پاکتاوکردندان. لە دژی هێرشێکی لەو شێوەیە، کە بەرامبەر هەبوونی کوردان بەڕێوەدەچێت، دەبێت گەلی کورد بە شێوەیەکی هەمەلایەنە بەرەنگاری بکات. نابێت هیچ کەس و رێکخراو و دامەزراوەیەک و گەلی کورد لە دەرەوەی ئەو بەرخودانە بێت. دەبێت هەموو کەس بە رۆحی پاراستنی نەتەوەییەوە بەشداری ئەو بەرخودانە ببێت.
ئێمە داوا لە کوردستانیان لە ئەڵمانیا و دۆستانی گەلی کورد دەکەین، کە رۆژی چوارشەممە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢١ کاتژمێر ١١:٠٠ بەشداری چالاکیی جەماوەریی بەردەم باڵیۆزخانەى ئەمریکا ببن. ئێمە رایدەگەیەنین، کە لە قۆناغێکی مێژوویداین و دەبێت دەنگی خۆمان هەڵبڕین.
ئێمە پێکەوە بە ئەمریکا دەڵێین، نەبە بە هاوبەشی پاکتاوکردنی گەلی کورد و داگیرکردنی کوردستان".
ژ.ت