لە رحا بۆ ٢ ڕۆژنامەنووس و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی چالاکی بەڕێوەچوو

لە رحا بۆ نەدانەوەی تەرمی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلیگن و نازم داشتان کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بە فرۆکەی بێفرۆکەوان شەهید کران و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی ئاکدەنیزی مێرسین چالاکی شەرمەزاری بەرێوە چوو.

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەبەردەم بینای دەم پارتی رحا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا پانکارت بە وێنەی جیهان بیلگین و نازم داشتان و بە نوسینی "نازم و جیهان شکۆمانن" و "قەیوم دیموکراسی نییە" هەڵکرا.

پەرلەمانتاری دەم پارتی رحا فەرید شەنیاشار، وتەبێژی کۆمیسیۆنی یاسایی دەم پارتی سەڤدا چەلیک، دایکانی ئاشتی، نوێنەرانی پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی ڕحا و گەلێک هاوڵاتی بەشداری ڕاگەیاندراوەکە بوون.

هاوسەرۆکی دەم پارتی رحا بەکر کاراکەچیلی شەهید کردنی ڕۆژنامەنووسان و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی ئاکدەنیزی شەرمەزار کرد و گوتی: "حکومەت دیموکراسی بە ئامانج دەگرێت. ئەمڕۆ دیسان ڕووبەڕووی کودەتای قەیومین. ئاکدەنیز موزاییکی گەلانە. پێویستە ئیرادەی ئاکدەنیز ڕادەستی گەل بکەن".

پەرلەمانتاری دەم پارتی فەرید شەنیشار ئاماژەی بەوەکرد کە دەوڵەتی تورک یاسایی دووژمنایەتی لە دژی کوردان جێبەجێ دەکات و گوتی: "ئەم یاسایی دووژمنایەتییە گەشتۆتە ئاستێک ئەشکەنجەی تەرمەکان دەدەن. ئەمڕۆ ئەو ئەشکەنجانە لە کەسێتی نازم و جیهان جێبەجێ دەکرێت. لە ڕۆژئاوا بەرخۆدانێکی بێ وێنە هەیە. هەڤاڵانمان نازم و جیهان ئەو قڕکردنانەیان ئاشکرا دەکرد و ڕاستییەکانیان بە ڕای گشتیی ڕادەگەیاند، شەهید کران".

وتیشی: "بەڵێن بەوان دەدەین، تێکۆشانەکانیان بەرەو پێش ببەین، ئەم ڕاستیانە بنوسینەوە، پێنوس و کامێراکانیان لە زەوی بە جێ نەهێڵین. هاوار دەکەین و ڕاستییەکان دەنوسین، دەڵێین ڕاگەیاندنی ئازاد، کۆمەڵگەی ئازادە".

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە بە چەپڵە و پەیامی پشتگیری بەشداربوان کۆتایی هات.