لە ستۆکهۆلم یادی بەرخودێرانی ١٤ی تەممووز و دیار غەریب کرایەوە

لە شاری ستۆکهۆلمی سوید یادی دیار غەریب (هەڵمەت) ئەندامی دەستەى گشتیی سەرۆکایەتیی کەجەکە و بەرخودێرانی چالاکیی گەورەی رۆژووی مردنی ١٤ تەممووز کرایەوە.

یادی شەهید دیار غەریب (هەڵمەت) ئەندامی دەستەى گشتیی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و شەهیدانی چالاکیی گەورەی رۆژووی مردنی ١٤ی تەممووز لە زیندانی ئامەد، بە پیشەنگایەتیی بنەماڵەى شەهیدان لە شاری ستۆکهۆلمی پایەتەختی سوید بەڕێوەچوو.

دوای خولەکێک رێزگرتن بۆ یادی گیانبەختکردوان، لەتیف هەسترکی بە ناوی کۆمیتەى بنەماڵەى شەهیدانەوە وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "بە بەرخودانی بەرخودێرانی ١٤ی تەممووز و بە وتنی 'بەرخودان ژیانە' راستی و مافداریی پەکەکە بە جیهاندا بڵاوبوویەوە. دیار غەریب-یش یەکێک لە درێژەپێدەرانی رێگای ئەو هەڤاڵانە بوو".

لە یادەکەدا سینەفیزیۆنێک لەسەر بەرخودێرانی ١٤ی تەممووز محەمەد خەیری دورموش، کەمال پیر، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک و هەروەها لەسەر ژیانی دیار غەریب نماشکرا.

شیلان غەریب خوشکی دیار غەریب وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "شەهید دیار بە کار و تێکۆشانی خۆی، خۆی خستە ناو دڵی هەموو کوردێکی ئازادیخوازەوە. لە منداڵییەوە تاوەکو شەهیدبوونی دڵسۆزی دۆز، رێگا و تێکۆشان و فکری ئازادی بوو".

لەسەر گرنگی و واتای مانگی تەممووز، سیاسەتمەداری کورد جەمشید سەرحەد وتی، "بە تایبەتی چالاکیی ١٤ی تەممووز خاوەنی مانا و گرنگییەکی زۆر جیاواز و تایبەتە. مانگی تەممووز مانگی بەرخودان و مانگی سەرلەنوێ ژیانە. هەروەها لەم مانگەدا ژمارەیەکی زۆر خیانەتیش روویداوە. بەو چالاکییە وتیان، 'گەلی بندەست کاتێک شتێکیان لە دەستدا نەبێت، کاتێک هێرشی بکرێتە سەر دەبێت بتوانێت خۆی بپارێزرێت. ئەو هەڤاڵانە بەو چالاکییەی خۆیان، گەورەترین چەک، واتە بەرخودانیان رادەستی گەلی کورد کرد".

سیاسەتمەدار جەمشید سەرحەد رایگەیاند، کار و تێکۆشانی ئێستا لەسەر بنەمای بەرخودانی بەرخودێرانی ١٤ی تەممووز بەڕێوەدەچێت.

یادەکە بە وتنەوەى دروشمەکانی "شەهید نامرێ" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی پێهات.

ژ.ت