مێژووی بەرخودانی مانگرتن لە خواردن

مانگرتن لە خواردن لە مێژوودا وەک یەکێک لە کاریگەرترین ناڕەزایەتییەکان بۆ ئیدانەکردن دەناسرێت. چالاکیی مانگرتن لە کوردستان و تورکیا لە ٥٠ ساڵی رابردوودا زۆر جار بەڕێوەچووە.

تێکۆشانی ئازادیی کورد کە بۆ یەکەمجار چالاکیی مانگرتنی لە دوای کودەتای سەربازیی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ لە زیندانی ژمارە ٥ی ئامەد ئەنجامدا. لە ١٠ ساڵی رابردوودا زیندانیانی سیاسی تەنها بۆ یەک داوا ماندەگرن و ئەویش داوای کۆتایهێنانە بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد.

لە تێکۆشانی سیاسی و چینی دا یەکێک لە رێبازەکانی بەرخودان، کە تا دوا هەناسە بەڕێوەدەچێت، مانگرتن لە خواردن یان رۆژووی مردنە. ئەو شێوازە لە چالاکی پێشینەیەکی دێرینی هەیە و زۆرتریش لە هەموان لە ناو کورددا بە گەورەی و زەقی بەڕێوەدەچێت. مانگرتن لە خواردن و رۆژووی مردن کە زۆر جار بەڕێوەدەچێت و هەموو جارێکیش ئەنجامی بەدەستهێناوە. بە تایبەتی لە چارەکی ئەمدواییەی  سەدەدا زیندانیانی پەکەکە و پاژک لە پێناو هەڵوەشاندنەوەى گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستیان بە چالاکیی مانگرتن کردووە و هەر چەند چالاکییەکانیان بە ئامانجی خۆیان گەیشتوون، بەڵام گۆشەگیریی بە شێوەی هەمیشەى کۆتایی پێنەهاتووە.

باشە مانگرتن لە خواردن کەی دەستیپێکردووە؟ لە کوردستان و تورکیا چۆن بووە بە رۆژەڤ؟

یەکەم چالاکیی مانگرتن لە خواردن؛ نیرڤا

مانگرتن لە خواردن پێشینەیەکی دێرین و مێژوویی هەیە و لە ناو هەموو کولتورەکاندا چالاکییەکی بەهێزی سیاسی و جێگای رێزە. لەبەر ئەوەش بە درێژایی مێژوو چەندین مانگرتن و نمونە هەیە. یەکەم کەس بەرخودانی مانگرتن لە خواردنی ئەنجامداوە نیرڤا (Nerva)یە. نیرڤا لە کاتی ئیمپراتۆریی رۆمادا هاوڕێی نزیکی ئیمپراتۆر تیبریوس بوو. بۆ نەهێشتنی گوشارەکانی سەر مەسیحییەکان دەستی بە مانگرتن کرد. هۆکاری ئەو مانگرتنە زۆر هاوشێوەى هۆکارەکانی ئەمڕۆیە، وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کوشتن و ئەشکەنجە چالاکیی مانگرتنی گرتەبەر. بەرخودانی نیرڤا لە مێژوودا بە یەکەم چالاکیی مانگرتن لە خواردن دەزانرێت و بەپێی هەندێک بۆچون لەو کاتەوە بووەتە ئیدی مانگرتن لە خواردن بووەتە شێوازێک لە خەبات و ناڕەزایەتی دەربڕین.

چالاکی لە دژی ناهەقی

هەروەها لە ساڵانی ١٩٣٠دا مەهاتما گاندی بە بیری ناڕەزایەتیی مەدەنی و ناتوندوتیژی کە بە (Ahimsa) ئاهیمسا (بێ زیان- ناتوندوتیژی) دەناسرێت لە هێندستانی داگیرکراوی ژێر دەستی بەریتانیاکان دا دەستی بە چالاکیی مانگرتن لە خواردن کرد. هەمان نمونەى هێندەستان لە مێژووی ئیرلەنداشدا هەیە. لەم سەردەمەدا و لە سەردەمی مەسیحیەتدا ئەو چالاکییە، کە پێی دەوترێت (Troscadh) بە مانای 'رۆژووگرتن' و یان پێشی دەوترێت (Cealachanad) بەڕێوەدەچوو. لەو چالاکییەدا کەسێک کە ناهەقیی بەرامبەر کرابوو، لە بەردەم دەرگای کەسە ناهەقەکەدا دادەنیشت و بەو شێوەیە گوشاری لێدەکرد تاوەکو ناهەقییەکەى بۆ قەرەبوو بکاتەوە. هەروەها لە ناو کۆمەڵگەدا وەک چالاکییەک بۆ ئیدانەکردنی ناهەقی بەڕێوەدەچێت. وەک دەزانرێت شێوەی ئەو چالاکییە لەگەڵ هێندستان زۆر لە یەکدەچن.

چالاکییەکانی مانگرتن لە خواردن لە ئیرلەندا

کاتێک مرۆڤ سەرنجی لە مێژووی جیهان و تێکۆشانی سیاسی دەدات، ئەوە دەبینێت، کە ئیرلەندییەکان ئەو نەتەوەیەن، کە بە ئەندازەی کوردان شێوازی چالاکیی مانگرتن لە خواردنیان گرتووەتەبەر. نەتەوەپارێزیی ئیرلەندی کە لە ژێر داگیرکەریی بەریتانیادا بوو و بۆ کۆتایهێنان بە داگیرکەری بەریتانیاکان لە سەرەتای ساڵانی ١٩٠٠ بە چالاکیی مانگرتن لە خواردن ئەو داگیرکەرییەیان ئیدانە دەکرد. لە بەردەوامیی ئەو چالاکییانەدا لە ساڵی ١٩١٧دا چالاکوانێکی ئیرلەندی مانگرتن لە خواردنی لە دژی بە زۆر راگرتن ئەنجامدا. لە ساڵی ١٩٢٠دا سەرۆکی شارەوانیی کۆرک لە ئیرلەندا دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد و ماوەى ٧٤ رۆژ لە مانگرتندا بوو بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا. هەروەها لە مێژووی نزیک دا تێکۆشانی سەربەخۆیی ئیرلەندا ئەو شێوازە زۆر جار بەکارهێنراوە. بابی ساندز (Bobby Sands) و هاوڕێکانی لە ساڵی ١٩٨١ دا لە ئیرلەندای باکوور دەستیان بە چالاکیی مانگرتن لە خواردن کرد. داواکەیان ئەوە بوو وەک زیندانیی سیاسی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. بابی ساندز لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا و لە ٥ی ئایاری ١٩٨١ لە دوای ٦٦ رۆژ مانگرتن لە زینداندا گیانی لە دەستدا. دوای ئەوەش ٩ مانگرتووی تریش گیانیان لە دەستدا.

لە بەریتانیا مێریەن واڵاس دانلاپ (Marion Wallace Dunlop)  بۆ بە دەستهێنانی مافی دەنگدانی ژنان تێدەکۆشا. لە ساڵی ١٩٠٩ دەستگیرکرا و لە ٥ی تەممووزدا دەستی بە چالاکیی مانگرتن لە خواردن کرد و دوای ٩١ کاتژمێر ئازاد کرا. دوای ئەوەش داکۆکیکارانی مافی دەنگدان (Suffrage) دەستیان بە چالاکیی مانگرتن لە خواردن کرد، بەڵام لەلایەن حکومەتەوە بە زۆر مانەکەیان پێ شکێندرا.

یەکەم چالاکیی بە کۆمەڵی مانگرتن لە مێژوودا

چالاکیی مانگرتن لە خواردن بە شێوەى بە کۆمەڵی سەرەتا لە مێژوودا لە ساڵی ١٨٨٠ روویدا. لەو سەردەمەدا رووسیا لە ژێر دەسەڵاتی قەیسەر و تیزارەکاندا بوو. چالاکانی سیاسیی و زیندانیانی سیاسی راپێچێ کامپەکانی کاری زۆرەملێ بە ناوی گۆلاگەکان دەکران و کاری نامرۆڤانەیان بەرامبەر ئەنجام دەدار. ئەوانیش لە بەرامبەردا ئەو پێشێلکارییانەدا ئەو خواردانەیان رەتکردەوە، کە بۆیان دەرۆیشت و ئەو دۆخەیان ئیدانە کرد.

لە زیندانەکانی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکاشدا چالاکیی مانگرتنی ساڵی ٢٠١٣ بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر زیندانیان بەڕێوەچوو. نزیکەى ٣٠ هەزار زیندانی بەشدارییان لەو چالاکییەى مانگرتن لە زیندانەکانی کالیفۆرنیادا کرد. لەو چالاکییەدا مانگرێک گیانی لە دەستدا. چالاکییەکە بە ئیدانەکردنی سەپاندنی سزای ژووری تاکەکەسی بەسەر زیندانییەکاندا بەڕێوەچوو.

ئەو مانگرتنانەى بوونە رۆژەڤ و بابەتی جیهان

چەند مانگرتن لە خواردنی سەرەکی کە بوونە رۆژەڤی جیان بریتین لە:

* لە ئیسرائیل بۆ ئیدانەکردنی سیاسەتەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستینییەکان و وەستانەوە لە دژی گوشارەکان لە زیندانەکاندا، بە بەردەوامی زیندانیانی فەلەستینی دەست بە مانگرتن دەکەن.

* لە زیندانی گوانتامۆ کە لەلایەن ئەمریکاوە زیندانیی تیادا رادەگیرێت لە ساڵانی ٢٠٠٢، ٢٠٠٥، ٢٠١٤دا چەندینجار لە دژی کردەوە خراپەکان بەرامبەر بە زیندانیان، زیندانیان دەستیان بە مانگرتن کردووە.

* ئەندامانی پڵنگەکانی تامیل لە سریلانکا چالاکیی مانگرتن لە خواردن ئەنجام دەدەن.

* یەکێکیش لەو نمونانە ساڵی ٢٠١٧ لە ئیسپانیا بوو. کاتێک ریفراندۆمی سەربەخۆیی کاتالۆنیا بەڕێوەچوو، سیاسەتمەدارانی کاتالۆنی لەلایەن ئیسپانیاوە دەستگیرکران. ٤ کەس لەو بەرپرس و سیاسەتمەدارانەى کاتالۆنیا ئەو ناهەقییانە قبوڵ نەکرد و ساڵی ٢٠١٨ بۆ ئیدانەکردنی ناهەقییەکان و ئیدانەکردنی دۆخی خۆیان دەستیان بە چالاکیی مانگرتن لە خواردن کرد.

درێژ ماوەترین چالاکیی مانگرتن لە خواردن

درێژماوەترین چالاکیی مانگرتن لە خواردن لە وڵاتی مەهاتمان گاندی لە هێندستان بەڕێوەچوو. سەربازان لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠دا لە هێندستان بە پێی یاسای ئەرکی تایبەتی هێزە چەکدارەکان ١٠ هاووڵاتییان کۆمەڵکوژ کرد، کە بە کۆمەڵکوژیی مالۆم دەناسرێت. لە دژی ئەو تاوانە ژنێک بە ناوی ئیرۆم شارمیلا دەستی بە چالاکیی مانگرتن لە خواردن کرد. چالاکییەکە بە ٧ی تشرینی دووەمەوە دەستیپێکرد و بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ خۆکوشتن" دەستگیرکرا. بە بڕیاری دادگا بۆ شکاندنی مانگرتنەکەى شارمیلا سۆندەی موغەزی خرایە قورگی، بەڵام شارمیلا تاوەکو ٩ی ئابی ٢٠١٦ جگە لەو زۆردارییەى بە پێدانی موغەزیی کە بەرامبەری ئەنجامدرا، هیچ خواردنێکی نەخوارد.

' مانگرتن لە خواردن لە کوردستان و تورکیا'

یەکەمین مانگرتن لەخواردن کە لە تورکیا دەناسرێت نازم حیکمەت لە ساڵی ١٩٥٠ ئەنجامیداوە. لە ٢٧ی گوڵان ١٩٦٠ جەلال بایار کە لە کۆدتای سەربازی دەستگیرکرا ٢ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.مانگرتن لە خواردنێک کە دەنگی دایەوە،پێش لەسێدارەدانی دەنیز گەزمێش، یووسف ئەسلان و حسێن ئینان، مانگرتن لە خواردنی ١٩٧٢ بوو. هەر بۆیە شێوازی مانگرتن لەخواردن و ڕۆژووی مردن بە قوورسی داوی کودتای سەربازی ١٩٨٠ کەوتە ڕۆژەڤی تورکیا و کوردستانەوە. ئەویش لە بەرخۆدانی زیندانی ئامەد بوو. لە ٢٠ی نیسانی ١٩٨١دا لە ئەنجامدا عەلی ئیرەک گیانی لە دەستدا و بووە یەکەمین شەهیدی چالاکی مانگرتن لەخواردن لە تورکیا و کوردستان. لە دژی باروودۆخی خراپ و ئەشکەنجە لە زیندانەکان لە ساڵی ١٩٨٢ ڕۆژووی مردن دەستیپێکرد و کەمال پیر، خەیری دوورمووش، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک شەهید بوون. ئەو بەرخۆدانە لە بەندیخانەی ژمارە ٥ی ئامەد وای کرد کە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد فراوانتر ببێت. لە ساڵی ١٩٨٤ لە ٤ بەندیخانەی ئامەد و ساگمالجلارێ لە ئەنجامی مانگرتن لەخواردندا ٦کەس شەهید بوون. لە ساڵی ١٩٩٥ و ١٩٩٦ لە چەندین بەندیخانە مانگرتن بەڕێوەچوو، لەساڵی ١٩٩٥١٢کەس و لەساڵی ١٩٩٦ ١٤کەس شەهید بوون.

مانگرتن لە خواردنی نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٠تا٢٠٠٧  لە دژی بەندیخانەی تیپی اف بەرێوە چوو،سەدان کەس بەشدار بوون. لە ٤٨ بەندیخانە ٦٨ کە گیانیان لەدەستدا.

'گۆشەگیری و مانگرتن لەخواردن'

لە مێژووی کوردستاندا بەرخۆدانی مانگرتن لەخواردن بە نموونە دەبینرێت. بە تایبەتی ساڵی ٢٠١٢ بە داواکاری لابردنی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدووڵا ئۆجالان لە بەندیخانەکاندا مانگرتن لەخواردن دەستیپێکرد و ٦٨ڕۆژ بەردەوام بوو. لەو مانگرتنەدا بە هەزاران بەندکراو بەشداری مانگرتنەکە بوون و مێژوویەکی نوییان نووسیەوە.

بە داخوازی لابردنی گۆشەگیری لە ساڵی ٢٠١٦دا سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانی کورد لە رێکخستنەکانی شاری ئامەدی هەدەپە مانیان لەخواردن گرت. ئەو مانگرتنە دوای چاوپێکەوتنی عەبدوڵا ئۆجالان بە محەمەد ئۆجالانی برای کۆتایی هات.

'ماوەی ٩٠ ڕۆژ مانیان لەخواردن گرت'

کەماڵ گون لە دەرسیم بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک ڕۆفاتی منداڵەکەی پی بداتەوە لەساڵی ٢٠١٧ مانی لەخواردن گرت و ٩٠ ڕۆژ بەردەوام بوو و دوای ئەوەی کە والی ڕایگەیاند کە ئێسکی منداڵەکەی تەسلیمی دەکەینەوە کۆتایی بە مانگرتن هێنا. لە ساڵی ٢٠١٧ مامۆستا سەمیع ئوزکاچ و نووری گوولمەن کە لە ئەرکەکەیان دوور خرابوونەوە بە ئامانجی ئەوەی کە بگەڕێنەوە سەر کارەکەیان لە ئەنکەرا  بۆ ماوەیەکی درێژ مانیان لەخواردن گرت.

'چالاکییەک کە ٢٠٠ ڕۆژ بەردەوام بوو'

هەرە دوایی لە تەشرینی دووهەمی ٢٠١٨ بە پیشەنگایەتی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە و پارلمانتاری هەدەپەی جوولەمێرگ لە سەدان بەندیخانە مانگرتن لەخواردن دەستیپێکرد. ئەو مانگرتنە وەک چالاکییەکی هەرە جەماوەری بووە بابەتی سەرەکی کوردستان ، تورکیا و جیهان. لە گەلێک بەندیخانە و وڵاتانی مانگرتن بەرێوە چوو. بە سەدان کەس بەشداری چالاکییەکە بوون. داواکارییەکە بە هەمان شێواز بوو؛ کۆتایی بە گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبداڵا ئۆجالان بهێنن. لە بەندیخانەکان و دەڤەرەکان بە دەیان هەزار کەس بەشداری چالاکی مانگرتن لەخواردن بوون. لە کۆتاییدا بەدەیان بەندکراو مانگرتنەکەیان گۆڕا بۆ ڕۆژووی مردن.

'چالاکیی فیدایی'

لەو چالاکییەدا کە ٢٠٠ ڕۆژ بەردەوام بوو، زولکوف گەزەن، ئایتەن بەچەت، زەهرا ساسگلام، مەدیا چنار، یونجا ئاکجێ، سیراج یوکسەل، مەعسووم پامیا، ئۆمید ئاجار، ئوگوور شاکار چالاکیی فیداییان ئەنجامدا. لە ئەنجامدا پارێزەرانی ژووری یاسایی سەدە لە ٢٦ی نیسانی ٢٠١٩ڕایگەیاند کە چاویان بە عەبدوڵا ئۆجالان کەوتووە و ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان ڕایگەیاند کە چالاکییەکە ئامانجی خۆی پێکاوە و کۆتایی پێ بهێنن.

' هەمان داواکاری : با گۆشەگیری بشکێت'

ئەمڕۆش بە داخوازی شکاندنی گۆشەگیری چالاکی مانگرتن بەردەوامە. لە ٢٧ی تەشرینی دووهەمی ٢٠٢٠ لە بەندیخانەکانی تورکیا و کوردستان گیراوانی دۆزی پەکەکە و پاژک دەستیان داوەتە مانگرتن لەخواردن بەشێوای دەورگەڕ، کە لە مانگی ٣هەمیدا بە گرووپی ١٤هەم بەردەوام دەکات. بە هەمان ئامانج لە مەخموور و وڵاتی یوناییش مانگرتن لەخواردن بەردەوامە و دەولەتی تورک تا ئیستا هیچ هەنگاوێکی کرداری نەناوە.

ک-ش. ژ-ت