پیک شێخ سەعید و هەڤاڵانی بیرهێنایەوە

پیک سەدەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی بەڕێز و شکۆوە بیرهێنایەوە و گوتی: "شێخ سەعید تەنها ڕێبەرێک نەبوو، سیمبولێکە: سیمبولی بەرخۆدان و یەکێتی و خەونی ئازادە".

سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (پیک) حیکمەت سەربڵند بەبۆنەی سەدەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە، گوتی: "شۆڕشی شێخ سەعید و هەڤاڵانی دژی ڕژێمی ستەمکاری کەمالیست، بۆ گەلی کورد لە مێژوودا بووە مایەی دەرکەوتنی ڕێگەی ئازادی".

ڕایدەگەیەنێت شێخ سەعید دژی ستەم و نادادی و ئەسیمیلاسیۆن ڕاپەڕی، بە بوێریی و باوەڕێکی بێ‌وێنەوە بۆ شکۆی گەلەکەی و پاراستنی زمان و کەلتوور و ناسنامەی کوردی گیانی فیدا کرد، دەڵێت: "شەهیدبوونی وی، کۆتایی نەبوو، دەسپێک بوو؛ دەسپێکی تێکۆشانێکە تا ئەمڕۆ لە دڵی هەموو کوردێکدا دەژی.

شێخ سەعید تەنها ڕێبەرێک نەبوو، سیمبولێکە: سیمبولی بەرخۆدان و یەکێتی و خەونی ئازادە".

حیکمەت سەربڵند جەختی کردەوە، دەوڵەتی نەژادپەرست هێشتا پێداگرە لەسەر سیاسەتی نکۆڵی و کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد و ڕێبەرانی کورد، بانگەوازی لە گەلی کورد کرد: "وەرن خوێنی شێخ سەعید و هەموو ڕێبەرانی گەلی کورد بکەینە ڕاستی. دەست بە دەست و شان بە شانی یەک، بە دەنگێکی بەرز بڵێین: بژی یەکێتیی نەتەوەیی و کوردستانی سەربەخۆ و ئازاد. ئێمە بە شکۆوە، ڕێبەر شێخ سەعید و هەڤاڵە قارەمانەکانی وهەموو ڕێبەر و شەهیدانی کوردستان بیردەهێنینەوە".