رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ عەبدوڵا ئۆجالان سەردانی ئەنجوومەنی ئەوروپایان کرد

ژمارەیەک رێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و سێ زیندانی تر لە زیندانی ئیمراڵی سەردانی کۆمیتەى وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپایان کرد.

ژمارەیەک رێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و سێ زیندانی تر لە زیندانی ئیمراڵی سەردانی کۆمیتەى وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپایان کرد.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە / OHD)، کۆمەڵەى مافى مرۆڤ (ئیهەدە / ÎHD)، وەقفی مافی مرۆڤی تورکیا (تیهەڤ / TIHV) و وەقفی لێکۆڵینەوەى مافەکان و کۆمەڵگە (تۆهاڤ / TOHAV) سەردانی کۆمیتەى وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپایان کرد.

سەردانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەبارەی "سزا زۆر قورسەکانی زیندان"ە، بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، حەیاتی قەیتان، ئەمین گوربان و جڤان بۆڵتان.

لە بەر ئەوەى کۆمیتەى وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا بەرپرسیارە لە کۆنترۆڵکردن و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەردانی ئەنجوومەنی ئەوروپا کراوە.

لە سەردانەکەدا ئاماژە بە بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کرا، کە سزادانی هەر یەک لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، قەیتان، گوربان و بۆڵتان بەبێ پێدانی دەرفەتی ئازادکردن و بە مەرج سزای هەتاهەتاییان بۆ دەرکراوە و ئەوەش لە دژی خاڵی ٣هەمی پەیماننامەى مافی مرۆڤی ئەوروپایە. داوا لە کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا کراوە، کە ئەو بڕیارانە لە هەموو کۆبوونەوە هەفتانە و کاتییەکانی خۆیاندا بخەنە رۆژەڤەوە.

رێکخراوەکان لە سەردانەکەیاندا ئاماژەیان بەوەکردوە، کۆمیتەى وەزیران تاوەکو ئێستا بڕیارەکانی پەیوەندیدار بە عەبدوڵا ئۆجالان، قەیتان، گوربان و بۆڵتانی نەخستووەتە رۆژەڤی خۆیەوە.

ئەو رێکخراوانە سەرنجیان خستەسەر ٤ پێوەری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، کە لە ناو یاسا و مافەکانی تورکیادا وەڵامییان نییە و ئەو پێوەرانەش بریتین لە "لە رووی مافەکانەوە دەکرێت سزاکان کەم بکرێنەوە"، "دەبێت جێبەجێکردنی سزاکە بەپێی سەرلەنوێ بە کۆمەڵایەتیکردنی سزادراو بێت بۆ کۆتایهێنان بێت بە دۆخی مەترسیدار"، "لە قۆناغی سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنی سزاکەدا، دەبێت سزادراو خاوەنی دڵنیایی و مسۆگەریی گونجاو و ئوسوڵی بێت" ، "دەکرێت سزاکە بە کردەوە و بە فیعلی کەم بکرێتەوە".

لە سەردانەکەدا راگەیاندراوە، لەبەر قەدەغەی ئازادکردن بە مەرج، مافی هیواداربوون بە مەرجی 'سزا لە رووی مافەکانەوە دەتوانرێت کەم بکرێتەوە' نادرێت و راشیانگەیاند، 'مافی ئومێد' میکانیزمێکە بۆ دەرفەتی سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەى سزاکە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باسی مشتومڕەکانی ساڵی ٢٠٠٢یان لەسەر لابردنی سزای لەسێدارەدان لە پەرلەماندا کرد و ئاماژەیان بە راگەیاندراوەکەى محەمەد عەلی شاهین جێگری سەرۆک وەزیران لەوبارەیەوە کرد، کە وتبوی ، "ئەگەر ئێوە کەسێک لە سێدارە بدەن ئەو کەسە یەکجار دەمرێت. ئەگەر سزایەکی قورسی بەسەردا بسەپێنن ئێوە هەموو رۆژێک ئەو کەسە دەکوژن".

لە سەردانەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو قسەیە، ئامانجی دەسەڵاتی سیاسی بۆ سەپاندنی سزای قورس بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی تری سیاسی دەخاتە بەرچاو.

لەو سەردانەدا هەروەها باسی "پلانی چالاکی" کرا، کە لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٥دا لەلایەن حکومەتەوە پێشکەشکراوە و لە دۆخی ئێستادا پلانێک نییە، کە دەرفەت بۆ ئازادکردنی بە مەرج بڕەخسێنێت.

لە سەردانەکەدا ئەم خاڵانەى خوارەوەش خراونەتەڕوو:

" * لە رێوشوێنی گشتیی پلانی چالاکیی حکومەتدا ئاسۆی چارەسەری دوورە. پلانێک نییە، کە بتوانێت قەدەغەى ئازادکردنی بە مەرج نەهێڵێت. بۆ راوەستاندنی پێشێلکارییەکان و گۆڕینی یاساکان رێوشوێنێکی گرنگ و جدیی تیادا نییە.

* سەرباری ئەوەى کە پەیوەندیدار بە ئۆجالان (٢)، قەیتان، گوربان و بۆڵتان سزای زیندانی هەتاهەتایی بەبێ دەرفەتی ئازادبوون بە مەرج سەپێنراوە، کۆمیتەى وەزیران ئەو بابەتەى نەخستووەتە رۆژەڤی خۆیەوە.

* لە ناو کارە یاساییەکاندا، هەوڵێک بۆ نەهێشتین سزای زیندانی هەتاهەتایی قورسکراو نییە و لە ناو حکومەتیشدا بۆ ئەوە هیچ وەڵامێک نییە. ئەو پێشنیازانەی، کە لەلایەن حیزبە سیاسییە جیاجیاکانەوە بۆ ئەو بابەتە پێشکەش دەکرێن، قبوڵ ناکرێن، یان لێکدانەوەیان بۆ ناکرێت.

* گۆڕانکاری لە خاڵی ٨٩ی یاسای سزاکاندا و یاسای ژمارە ٧٢٤٢ کراوە، ئەوەش دەرفەتی ئازادکردنی سزادراوی هەتاهەتایی قورسکراو لە خۆ ناگرێت. پۆلێنبەندی و پێکهاتەی دەستە ئیدارییەکان و چاودێری، لەبارەی کەموکوڕیی ئاسایش و ئارامیی سزادراوان نەگونجاوییان لەوبارەیەوە شایانی گفتوگۆکردنە. پێکهاتەی دەستە ئیدارییەکان و ئەو چاودێرییەی لەلایەن تیمەکان و کارمەندانی دەزگاکانی سزادانەوە ئەنجام دەدرێت، رێگری لە بەردەم بەشداربوونی سزادراوان لە قۆناغی هەڵسەنگاندن دەکات و لاوازی و پێشێلکردنی دڵنیایی و مسۆگەریی ئوسوڵی کێشەکان لەلایەن ئەو پێکهاتە و کەسانەوە شتێکی روون و بەرچاوە.  

* دادگای دەستووری بنەڕەتی لە بابەتی مافەکانی ئێستادا بۆ ئەوەى بابەتەکە بە شێوەیەکی سەرەکی ببێتە رۆژەڤ هیچ بڕیارێکی نەداوە. سەرباری ئەوەى دادگای دەستووری بۆ دۆسیەکان و سەردان و داوای کەسی دەبێت بڕیارەکانی لە چوارچێوە و هێڵی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا بێت، بەڵام سەرباری خاڵە دەستنیشانکراوەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە بابەتی مافی هیواداربوون دا، کە لە دژی تورکیا داوایانە، دادگای باڵای دەستووری خۆی لە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو خاڵە دەستنیشانکراوانە دەشارێتەوە. کاتێک دادگای دەستووری هاوشانی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاریدا، ئەو کاتە دەکرێت گۆڕانکاری لە یاساکاندا بکرێت.

* لەبەر ئەوەى کۆمیتە، پەیوەندیدارە بە قۆناغی کۆنترۆڵکردن دەتوانێت ئامار و زانیاری بە شێوەی سیستمایتک لە بەرپرسانی فەرمیی وڵاتەکانەوە وەربگرێت و داوایان لێ بکات، چونکە ئەو ئامار و زانیارییانە لە رای گشتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەشاردرێنەوە، داواکردنی ئامار و زانیارییەکان لەسەر زیندانیانی هەتاهەتایی قورسکراو لە تورکیا بۆ بینینی تابلۆکە بە شێوەی کامڵ و  روون داوایەکی ناچارییە.

* با جێبەجێکاری کۆنترۆڵکردنی پەیوەندیدار بە دۆزی بە کۆمەڵی ئۆجالان (٢)، گوربان، قەیتان و بۆڵتان بڕیاری پێشێلکردن، کە لە سەرەتا لە ئاداری ٢٠١٤دا درا، کۆمیتەکە بیخاتە رۆژەڤی کۆبوونەوەى هەفتانە و کاتیی خۆیەوە.

* کۆمیتە لە پەیوەندییە دیپلۆماتیکە دوو قوڵییەکانیدا بابەتی سەردانەکە و بابەتە پەیوەندیدارەکە بە بەردەوامی بخاتە رۆژەڤەوە.

* نوێنەرانی ئەندامیش لە کۆمیتەکەدا سەردانەکە بخەنە رۆژەڤی خۆیان و چاودێریی بکەن.

* لەبارەی دۆزی ئۆجالان (٢) دا و لەبەر ئەوەى لە پلانی چالاکیی حکومەتی تورکیادا هیچ هەنگاوێکی روون و زەق نییە، لە بابەتی رێوشوێنە گشتییەکان و کەسییەکاندا کات و بەراورێک دیاری ناکات، سەرباری ئەوەى ٧ ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام لە بابەتی پێشێلکارییە ناوبراوەکاندا لە ماف و یاسا ناوخۆییەکاندا گۆڕانکارییان ئەنجام نەداوە، بە پێچەوانەشەوە تاوەکو ئێستاش سزای زیندانیی قورسکراو دەسەپێنرێت، دەبێت لە حکومەتی تورکیا داوای پلانێکی چالاکیی نوێ بکرێت.

* لە پلانی چالاکیی نوێ دا لەبارەی ٣ سەردانی تری پەیوەندیدار بەو پێشێلکارییانەوە، داوای رێوشوێنی گشتی و کەسی بکرێت.

* کۆمیتەکە چیی لە قۆناغی لاسزلۆ ماگیار ڤ. هەنگاری (١) دا کرد، بەهەمان شێوە و رێگا و رێبازیش داوای زانیاری و ئامار لە حکومەتی تورکیا بکات بۆ هەموو  دەستەکانی ئەو دۆزە، داوا لە حکومەتی تورکیا بکات لە تورکیادا چەند سزادراو، کە سزای قورسکراویان بەسەردا سەپێنراوە هەیە، بەپێی ساڵان، ئەو سزایە بەسەر چەند کەسدا سەپێنراوە، سزای کەسی سزادراو لە کام ساڵدا یەکلایی بووەتەوە، ئەو کەسانەى سزای زیندانیی هەتاهەتایی قورسکراویان بەسەردا سەپێنراوە چەند ساڵە لە زینداندان.

* بەپێی پێوەرەکان، کە لە بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤدا دەستنیشانکراون، دەبێت لە یاسا و مافەکانی تورکیادا ئەوە بچەسپێنرێت، کە بەبێ جیاکاری کار بە یاسا و مافەکان بکرێت، هەموو سزادراوان بتوانن لە دەرفەتی ئازادبوون بە مەرج سوود وەربگرن".

ژ.ت