رۆژنامەى بێڵدی ئەڵمانی: کۆچکردنی کورد کاری ئەردۆغانە

رۆژنامەى بێڵد یەکێک لە ڕۆژنامە سەرەکییەکانی ئەڵمانیایە و بڵاویکردەوە، کۆچکردنی کورد بۆ بیلاروس کاری ڕژێمی ئەردۆغانە. بە وتەی بەرپرسانی پۆلیسی سنووری ئەڵمانیا، کۆچبەران لەڕێگەی گەشتە تایبەتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورک (THY) گوازرانەتەوە بۆ مینسک.

رۆژنامەى بێڵد یەکێک لە ڕۆژنامە سەرەکییەکانی ئەڵمانیایە و بڵاویکردەوە، کۆچکردنی کورد بۆ بیلاروس کاری ڕژێمی ئەردۆغانە. بە وتەی بەرپرسانی پۆلیسی سنووری ئەڵمانیا، کۆچبەران لەڕێگەی گەشتە تایبەتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورک (THY) گوازرانەتەوە بۆ مینسک.

لە هاوینی ئەمسالەوە درامایەکی پەنابەری لە سنووری نێوان بیلاروس و پۆڵەندای ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا دا هەیە. هەزاران ئاوارەی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بە فڕۆکە براونەتە شاری مینسکی پایتەختی بیلاروس. ئێستا لەسەر سنووری پۆڵەندان تاوەکو خۆیان بگەیەننە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بەڵام دوای ئەوەی سنووری پۆڵەندا بە پشتیوانیی یەکێتیی ئەوروپا داخرا، ئەو پەنابەرانە لە ناوچە دارستانییەکانی سەر سنوور گیریانخواردووە.

رۆژنامەى بێڵد یەکێک لە ڕۆژنامە گرنگ و پێشەنگەکانی ئەڵمانیایە و بڵاویکردەوە، ئەلکساندەر لوکاشینکۆ سەرۆکی بیلاروس و ڤلادیمیر پۆتین سەرۆکی ڕوسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە پشت ئەو کۆچەى کۆچبەرانەوەن.

ڕۆژنامەکە لە راپۆرتێکی تایبەتی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ئەو ٣ سەرکردەیە کۆچبەران وەک چەکێک دژی سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا بەکاردەهێنن و بە وردی باسی ئەوەیکردووە، کە ئەو پەناخوازانە چۆن لە مۆسکۆ، ئەستەنبوڵ، ئەنتالیا، هەولێر و دیمەشقەوە دەبرێن بۆ مینسکی پایتەختی بیلاروس.

گەشتی فڕۆکەى تایبەت بە بێ بلیت و تکت بۆ مینسک

هایکۆ تگگاتز سەرۆکی پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە، کۆچبەران لەلایەن هێڵی ئاسمانیی تورکەوە (THY) گواستراونەتەوە، کە سەدا ٤٩ی پشکەکانی لە دەستی دەوڵەتی تورکدایە و سەدا ٥١ی پشکەکانیشی لە دەستی ئایرۆفلۆت دایە، کە ئەوەش پشکی رووسیایە. بەپێی ڕۆژنامەکە ئەو دوو هێڵە ئاسمانییە ڕۆڵی سەرەکییان بینیوە لە دروستکردنی قەیرانی پەنابەران  لەسەر سنووری بیلاروس و پۆڵەندا و ئەوەش لەلایەن یەکە ئەمنییەکانی ئەڵمانیاوە پشتڕاستکراوەتەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەی گەشتەکانی نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مینسک کە لە زستانی ٢٠١٩ – ٢٠٢٠دا تەنها ١٧ گەشت بووە، لە زستانی ئەمساڵدا بەرز بووەتەوە بۆ ٥٧ گەشت، کە ئەو گەشتانەش بۆ گەشت و سەفەرکردن لە شاری هەولێری باشووری کوردستان و دیمەشقی پایتەختی سوریاوە بۆ مینسک زیادکراوە.

دوو ناوەندی گرنگی کۆکردنەوەى پەنابەران لە ئیستانبول و مۆسکۆ دا هەیە. هێڵی ئاسمانیی تورک (THY) ژمارەی گەشتەکانی ئیستانبول - مینسک لە ڕۆژێکدا دوو هێندە زیاد کردووە. هەروەها سەرباری ئەوەش، کە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی بیلاروس کڕینی بلیت و تکتی گەشتکردنی نێوان ئەنتالیا - مینسک لەسەر ئینتەرنێت و لە ماڵپەڕەکەیدا هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام لە هەفتەیەکدا ٤ گەشت ئەنجام دەدات!.

پلان بۆ چۆڵکردنی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان

ڕژێمی ئەردۆغان بە هاوکاریی ڕووسیا و بیلاروس و بە بەکارهێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) پەنابەران وەک چەکێک دژی یەکێتیی ئەوروپا بەکاردەهێنێت. ئامانجیشی لەو کارە ئەوەیە باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان چۆڵ بکات. ئەوە جێگای سەرنجە، کە زۆربەی ئەو کۆچبەرانەى رۆیشتوون بۆ بیلاروس خەڵکی ناوچەکانی بادینان و سلێمانین لە باشووری کوردستان.

بەپێی بەڵگەکان و زانیارییەکان، زۆربەی کۆچبەرەکان، کە گەنجانی باشوری کوردستانن لە هەولێر، یان ئەستەنبوڵەوە براون بۆ  بیلاروس. ئەوەى جێگای سەرنجە، کە پلان و بەرنامە بۆ چۆڵکردنی باشووری کوردستان رێک و هەر دوای هێرشە  داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان خراوەتە کار. بەپێی زانیارییە فەرمییەکان لەماوەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٤٠ هەزار هاووڵاتیی عێراقی بۆ دەرەوەی عێراق هەڵهاتوون و لەو ژمارەیە ١٠ هاووڵاتییان گیانیان لەدەستداوە و ١٢ هاووڵاتیش چارەنووسیان نادیارە.

بەڕێوەبەریی پۆڵەندا ١٢ هەزار چەکداری لەسەر سنووری وڵاتەکەى جێگیرکردووە و ڕێوشوێنی توندیان لە دژی ئەو کۆچبەرانە  گرتوەبەر و تا ئێستا زیاتر لە ١٠ کۆچبەر لە بیلاروس بەهۆی کەش و هەوای سەخت و سارد و نەبوونی پێداویستی گیانیان لەدەستداوە.

خەڵکی باشووری کوردستان باجی سیاسەتە هەڵەکانی پەدەکە دەدات

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، کە هەموو کات لە خزمەتی سیاسەتە دژە مرۆیی و کوردکوژی و پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردایە، لە کۆچپێکردنی گەنجانی کوردان بۆ رێگای سەختی کۆچبەری رۆڵی سەرەکیی هەیە.

لە باشووری کوردستان سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵات بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ماوەى ئەم چەند ساڵەی رابردوو بووە هۆی ئەوەى گەنجان زۆر بە توندی رەخنە لە دەسەڵاتی پەدەکە بگرن. تاوانەکانی وەک داخستنی پەرلەمان، رێگریکردن لە نووسینەوەى دەستوور، هەموارنەکردنەوەى یاسا و دەسەڵاتەکانی  سەرۆکی هەرێم، رادەستکردنی شەنگال، پاشەکەوتکردن و لێبڕینی مووچەى هاووڵاتییان، دابین نەکردنی سوتەمەنی لە زستاناندا، قەیرانەکانی غاز، ئاوی خواردنەوە، بەنزین،  بێکاری، گرانی و دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆکاکان، لەگەڵ ئەوانەشدا ئەنجامدانی ریفراندۆم و رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر و بە دوای ئەوەشدا هێنانی سوپای تورک و هاوکاریکردنی ئەو سوپا داگیرکەرە بۆ کوردکوژی و لە ناوبردنی خاک و خەڵک و بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان بوونە هۆی ئەوە، کە گەنجان و گەل بە تەواوەتی متمانە لە دەسەڵات بستێننەوە لە دوایین هەڵبژاردندا رێژەى بەشداری لە خوار سەدا ٥٠ بوو و نزیکەى سەدا ٢٠ی دەنگدەرانیش دەنگەکانیان سوتاند و بەوەش گەورەترین ناڕەزایەتیی مەدەنییان بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە خزمەتکارەی داگیرکەران نیشاندا. ئێستاش بەهۆی دەرەنجامەکانی ئەو سیاسەتە هەڵەیانەدا گەنجان بە ناچاری رێگای کۆچ دەگرنە بەر و دەیان گەنج و خێزان بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵانەى دەسەڵات و بە تایبەتی پەدەکەوە لە ناو چوون.

ژ.ت