سانجار: پێویستە لەدژی سیاسەتی شەڕی ئاکەپە و مەهەپە بوەستینەوە
هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە داوای لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد دژی بانگەشەی شەڕ بوەستنەوە، ئاماژەی بەوەکرد ئەگەر پێکەوە دژی شەڕ نەوەستنەوە وڵاتەکە بەرەو چارەنوسێکی نادیار دەچێت.
هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە داوای لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد دژی بانگەشەی شەڕ بوەستنەوە، ئاماژەی بەوەکرد ئەگەر پێکەوە دژی شەڕ نەوەستنەوە وڵاتەکە بەرەو چارەنوسێکی نادیار دەچێت.
میدحەت سانجار، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا بەرنامەی کاری پارتەکەی روونکردەوە و داوای پشتیوانی لە ڕێکخراوەکان کرد و وتیشی: ئیقتدار (دەسەڵاتدار) برینی قوڵیان لە تورکیا دروست کردووە، لەبەر ئەوەی پشتیوانیشیان بۆ تیرۆر کردووە هەر بۆیە بەرپرسیارن .
لەو کۆبونەوەیەدا کە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی هەدەپەی شارەکەش تیایدا بەشداربوون سانجار وتیشی: پڕۆژەیەکی نوێیان پیشکەشی پەرلەمان کردووە، رۆژی سیشەممە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، دەبێت هەرکەس بزانێت مەبەست لەمە چییە، حکومەت بە سیاسەتی شەڕ هەوڵ دەدات هەبوونی خۆی بپارێزێت، دەبێت هەرکەس ئەوە بزانێت کە ئەم پڕۆژەیە خزمەتی ئەو ئامانجە دەکات.
هاوسەرۆکی هەدەپە وتیشی: لەسەر بنەمای تێکۆشان لە دژی شەڕ و تێکۆشان بۆ ئاشتی ئەرکی ئێمەیە لەگەڵ ئێوە دیدار ئەنجام بدەین و هیوایەک بۆ وڵاتێکی باشتر بدەین، هەر بۆیە جارێکی دیکە بانگەوازیەکەمان نوێ دەکەینەوە بۆ جوڵانەوە و کارەکانی حکومەت بۆ شەڕ بڵێن نا.