لە رۆژانی ٦ تا ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ بەهۆی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ زنجیرەیەک چالاکی و خۆپیشاندان لەسەرتاسەری باکووری کوردستان بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ بەڕێوەچوو. دەوڵەتی تورک لە دژی ئەو چالاکییانە دۆزێکی کردووەتەوە و لەو دۆزەدا ١٠٨ کەس دەستگیرکراون، کە هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی هەدەپە و بەڕێوەبەرانی هەدەپەیان تێدا بوو.
٥هەمین دانیشتنی دۆزەکە لە کامپی زیندانی سینجان بەڕێوەچوو. لە پەیوەند لەگەڵ وتەکانی کەرەم گۆکئاڵپ، کە یەکێک لەو شایەتحاڵانە بوو، کە بووە هۆی کردنەوەى دۆزی کۆبانێ و دۆزی داخستنی هەدەپە، شتی سەیر و سەمەرە و ئابڕوبەرانە روون بوویەوە. بەپێی ئەو بەڵگەنامانە، کە خراونەتە ناو دۆسیەکە، گۆکئاڵپی دەستگیرکراو، لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا داواکارییەکی نووسیوە و سکاڵای تۆمار کردووە.
داواکەی گۆکئاڵپ دەستبەجێ پەسەندکراوە و دادگای ٢ی سزاکانی ئەنقەرە فەرمانی "چاودێریی ئیداری" داوە و لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ گۆکئاڵپ، کە لە زیندانی ژمارە ٢ی جۆری ئێف-ی سینجان راگیرابوو برا بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەنقەرە.
گۆکئاڵپی ڕادەستکردوو و زیندانیکراو، سەرەتا لەبارەی چالاکییەکانی کۆبانێ لێدوانی نەداوە و قسەى نەکردووە، دوای ئەوەی بە بڕیاری "چاودێریی ئیداری" برایە لقی بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئەنقەرە و ١٥ رۆژ لەوێ راگیرا دەستیکرد بە قسەکردن لە سەر چالاکییەکانی کۆبانێ.
قسە و دانپیادانانەکانی گۆکئاڵپ لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس بە دۆسیەکان زیاد کران و داواکاری گشتی بە پشتبەستن بەو دانپیادانانە دۆزی کۆبانێی لە دژی کوردان و هەدەپە و ئازادیخوازان کردەوە.
لە دوای روونبوونەوەى ئەو رێوشوێنە ناساییانە، پارێزەرانی دۆزی کۆبانێ لە دانیشتەکەى دادگادا داوایان کرد قسەکانی پێشووی گۆکئاڵپ لە دۆسیەکە دەربهێنرێت. هەروەها پارێزەران داوایان کرد، کە دەبێت ئەوە روون بکرێتەوە، کە پێش ئەوەی گۆکئاڵپ داواکاری بۆ ئەو قسانە پێشکەش بکات، کێ چووە بۆ لای و سەردانی کردووە و هانی داوە بۆ ئەوەى ئەو کارە بکات.
ژ.ت