یادی شەهید ئازاد سەردەم لە سویسرا کرایەوە

یادی شەهیدی هەپەگە حەجی ئۆران (ئازاد سەردەم) لە شاری وینتیرزوری سویسرا کرایەوە کە لەساڵی ٢٠١٦دا لە بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری لە نسێبین شەهید ببوو.

رێورەسمی یادکردنەوەکە لەلایەن ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانەوە لە ناوەندی کۆمەڵەگی دیموکراتی کوردی وینتیرزۆریەوە سازکرا. خانەوادەی ئازاد سەردەم و زۆر کەسی دیکە بەشداریان لە رێورەسمەکەدا کرد. رێورەسمەکە بە خولەکێک رێزگرتن لە شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان لە کەسایەتی شەهید ئازاد سەردەمدا دەست پێکرد.

لەسەر ناوی جەدەکە، ئیسماعیل کایا قسەی کرد و لە چوارچێوەی ٢١-٢٨ی ئازار حەفتەی قاڕەمانێتی نەتەوەییدا ، یادی شەهیدانی کوردستانی کردەوە و سەرەخۆشێ لە خانەوادەی شەهید ئازاد سەردەم کرد.

دواتر مەتین مینتاش نوێنەری کۆماو قسەی کرد و قسەی عەبدوڵلا ئۆجالان ریبەری گەلی کوردی بەبیرهێنایەوە کە دەڵێت ' هەر شەهیدێک فەلسەفەیەکی ژیانە' و وتی، " لەنێو تەڤگەری ئازادی گەلی کورددا کەسانی دڵسۆزی پەکەکە شەهید بوون. ئێمە یادی هەموو شەهیدەکانمان بەڕێزەوە دەکەینەوە."

دواتر لەسەر ناوی خانەوادەی ئازاد سەردەم، موزەفەر ئۆرهان برای گەورەی شەهید قسەی کرد. ئۆرهان وتی، " شەهیدەکانمان شەهیدی هەموو کوردستان و گەلی کوردن. شەهید حەجی ئۆرهان بە باوەڕیەکی گەورەوە بەشداری لە تێکۆشان و بەرخۆداندا کرد. ئێمە وەک خانەوادەکەی سەربەرزین. سەرمان بەرزە. ئێمە تاوەکو دوایین هەناسەمان لەسەر رێچکەی شەهیدان بەرخۆدان دەکەین. شەهید نامرن."

رێورەسمەکە بە دروشمی ' بژی سەرۆک ئاپۆ' ، ' شەهید نامرن' کۆتایی هات.

ف.ق