یەکێک لە گرنگترین رۆژنامەکانی ئەڵمانیا داوای قەدەغەکردنی گروپی میلیشیایی ئولکوجوی تورک دەکات

رۆژنامەى فرانکفۆرتەر ئالگماینە زایتونگ (فاز - FAZ) یەکێک لە سەرەکیترین رۆژنامەکانی ئەڵمانیا داوای لە بەڕێوەبەرانی بەرلین کرد، گروپی میلیشیایی ئولکوجوی (Ulkucu)ی دەوڵەتى تورک لە ئەڵمانیا قەدەغە بکەن.

فاشیستەکانی تورک بە ناوی ئولکوجو، کە لە چوارچێوەی گورگە بۆرەکاندا خۆیان رێکخستووە و لە دژی کوردان، ئەرمەنییەکان و جولەکان هێرش و تاوان ئەنجام دەدەن. ئەو گروپە فاشیستییانەى دەوڵەتی تورک ماوەیەکە بوونەتە رۆژەڤی وڵاتانی ئەوروپی. بەهۆی هێرشی ئەو گروپە فاشیستیانەى دەوڵەتی تورک بۆ سەر ئەرمەنییەکان لە فەرەنسا، گروپی گورگە بۆرەکانی تورک لە فەرەنسا قەدەغە کران. لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا لە پەرلەمانی ئەڵمانیادا پرۆژە یاسایەک بۆ قەدەغە کردنی گروپی فاشیستیی ئولکوجوی تورکی لە ئەڵمانیا پەسەند کرا.

سەرباری پەسەندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە بۆ قەدەغەکردنی گروپی ئولکوجوی فاشیستی تورک، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ قەدەغەکردنی ئەو گروپە فاشیستانەى تورک بە سستی دەجوڵێتەوە و خۆی لە بەرامبەریاندا سست کردووە. پارتی چەپی ئەڵمانیا و پارتی دیموکراتە ئازادەکان و حیزبی سەوزەکانی رەخنەى توندیان لەو بێباکی و سستییەى وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا گرتووە. ئێستاش رۆژنامەیەکی سەرەکیی ئەڵمانیا بە ناوی فرانکفۆرتەر ئالگماینە زایتونگ (فاز - FAZ) لە بابەتێکدا بانگەوازێکی بۆ حکومەتی مێرکل بڵاوکردەوە.

'ژنانی کورد لە پاریس لەلایەن ئولکوجوکانەوە کۆمەڵکوژکران'

راینەر بورگر پەیامنێری ویلایەتی راین ڤێستفالیای باکوور (NRW) لە وڵاتی ئەڵمانیا لە وتارەکەیدا بە ناوی "ئیدی قەدەغەیان بکەن" باسی مەترسییەکانی نەتەوەپەرەستیی تورک بۆ سەر ئازادی و دیموکراسی لە ئەوروپا کردووە. بورگر داوای کردووە، ئەو گروپانە قەدەغە بکرێن و باسی مەترسییەکانی ئەو گروپە توندەڕەوانەی بۆ سەر دیموکراسی کردووە.

ئاماژەى بە کەمتەرخەمی و بێباکیی حکومەتی ئەڵمانیا کردووە و باسی لە رووداوەکانی توندوتیژیی گروپی ئولکوجوەکان لە ئەڵمانیا کردووە، کە لە ساڵی ١٩٨٠ەوە  دەستیان بە ئەنجامدانی تاوان و توندوتیژی کردووە و لەو ساڵەدا سەندیکاکارێکی تورک لەلایەن ئولکوجووەکانەوە کوژراوە.

لەو بابەتەدا ئاماژە بە روداوەکەى کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ لە پاریس کراوە، کە سیاسەتمەدارانی ژنی کوردی تیادا کوژران و رایدەگەیەنێت، ئەو تاوانە لەلایەن ئولکوجوکانەوە ئەنجامدراوە و ئاماژەى بە پەیوەندیی ئەو گروپانە لەگەڵ چەتەکانی "عوسمانییەکانی ئەڵمانیا" کردووە.

یەکێکی تر لە زانیارییەکانی رۆژنامەى فاز لەبارەی ژمارەی فاشیستە تورکەکانە لە ئەڵمانیا. بەپێی ئەو رۆژنامەیە ژمارەی ئولکوجوکانی تورک لە ئەڵمانیا ١١ هەزار فاشیستن و بەوەش دەبنە گەورەترین گروپی راستڕەوی توندڕەو لە ئەڵمانیادا.

'ئەڵمانیا هۆکاری زۆری بۆ قەدەغەکردنیان هەیە'

لە بابەتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەڵمانیاش هەر وەک فەرەنسا چەندین هۆکاری هەیە بۆ قەدەغەکردنی ئەو گروپانە. رەخنەى ئەوەشی لە حکومەت گرتووە، سەرباری داوای ئۆپۆزسیۆن بۆ قەدەغەکردنی ئەو گروپانە، بەڵام حکومەت کار بۆ قەدەغەکردنی ئەو گروپانە ناکات، چونکە تا ئێستا کارێکی ئەوتۆی بۆ رێگریکردن لەو گروپانە ئەنجام نەداوە.

ژ.ت