سزای ١٤ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی بەسەر کشاناک و ١٥ ساڵ بەسەر تونجەل دا سەپێنرا

دادگای دەوڵەتى تورک لە مەلەتی سزای ١٤ ساڵ و ٣ مانگ زیندانیکردنی بەسەر گوڵتان کشاناک و سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنى بەسەر سەباحەت تونجەل دا سەپاند.

١٢هەمین دانیشتنى دۆزی گوڵتان کشاناک هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری ئامەد و سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکى گشتیى پارتى دیموکراتیکى هەرێمەکان (دەبەپە) لە لقی ١ی دادگای سزا قورسەکانى مەلەتی بەڕێوەچوو. لە دواى خوێندنەوەى تۆمەتەکان لەلایەن داواکارى گشتی و دەستەى دادوەری و بەرگریکردنی کشاناک و تونجەل و پارێزەرەکانیان، دادگاکە بڕیاری دانیشتنەکەى خۆی ئاشکرا کرد.

ئەو دادگایەى دەوڵەتى تورک بە تۆمەتى "ئەندامبوون لە رێکخستن" دا سزای ١١ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی و هەروەها بە تۆمەتى ئەنجامدان "پڕوپاگەندە بۆ رێکخستن" سزای ٣ ساڵ زیندانى تری بەسەر گوڵتان کشاناک دا سەپاند. دادگاکەى دەوڵەتى تورک  بە گشتی بەو ٢ ئیدعایە سزای ١٤ ساڵ و ٣ مانگ زیندانیکردنی بەسەر گوڵتان کشاناک دا سەپاند.

دادگاکە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ریکخستن" دا سزای ٩ ساڵ و ٩ مانگ زیندانیکردن و هەروەها بە تۆمەتى ئەنجامدانى "پڕوپاگەندە بۆ رێکخستن" سزای ٥ ساڵ و ٣ مانگی تر زیندانیى بەسەر سەباحەت تونجەل دا سەپاند. دادگاکەى دەوڵەتى تورک بە گشتی بەو ٢ ئیدعایە سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنى بەسەر سەباحەت تونجەل دا سەپاند.

ر.م